رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ لۆتین؛ یەکێکە لە ناوە هەرە بەنێوبانگەکانی جیهانی تۆپی پێ و بەر لە چەند رۆژێک بەفەرمی بووە گۆڵکاری مێژوویی مۆندیال بەتۆمارکردنی 22 گۆڵ، دوای ئەوەی پێش لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی کەوت، کە خاوەنی 21 گۆڵە لە مێژووی مۆندیالدا.
ئەم ئەستێرەیە، وایکردووە ئەفسانەکانی تۆپی پێ بە سەرسامییەوە باسی بکەن و دووپاتی بکەنەوە کە فەرەنسا لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی خۆیدا دەنووسێتەوە کە ناونیشانەکەی 'دەستکەوتە مێژووییەکانی ئێمباپێ'ـیە، رێک وەک ئەوەی زینەدین زیدان، میشێل پلاتینی و ئەوانی دیکە پێشتر ئەنجامیان داوە، بەڵام ئێمباپێ کێیە؟ چی کردووە؟ و چۆن توانی لەنێو کۆمەڵێک ئەستێرەی گەورەی یانە و هەڵبژاردەکەیدا شوێنی خۆی بکاتەوە؟.
لە 'بۆندی'ـیەوە بەرەو لووتکەی جیهان
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە 20ـی کانوونی یەکەمی 1998 لە شارۆچکەی 'بۆندی' لە فەرەنسا لەدایکبووە. خێزانەکەی تاوەکو ئێستاش لەو شارەدا دەژین. ئێمباپێ هەر لەوێ و لە یانەی ناوخۆیی شارەکە لەنێوان ساڵانی 2010 بۆ 2013 فێری بنەماکانی تۆپی پێ بوو، لەژێر سەرپەرشتی باوکی، کە راهێنەری تەمەنە جیاوازەکان بوو، دواتر گواسترایەوە بۆ پەیمانگەی نیشتمانیی کلێرفۆنتێن و لەوێ گەشەی زیاتری بە تواناکانی دا.
لە تەمەنی 3 ساڵاندا یەکەم یاری ئەنجامدا!!
عەشق و خولیای ئێمباپێ بۆ تۆپی پێ هەر لە منداڵییەوە دەستیپێکرد. یەکەم یاریی ژیانی لە تەمەنی دوو ساڵ و نیویدا بووە! باوکی ئەوکاتە بە کامێرای ڤیدیۆ دیمەنەکەی تۆمارکردووە کە چۆن ئێمباپێی بچکۆلە یاری بە تۆپ دەکات. هەرچەندە رووخساری زۆر نەگۆڕاوە، بەڵام تواناکانی لە مۆناکۆ تەقینەوە و جیهانی سەرسام کرد.
پێش مۆناکۆ، قوتابیەکی زیرەک بوو
باوکی کیلیان جەختی لەوە دەکردەوە کە دەبێت خوێندن بەشێکی گرنگ بێت لە ژیانی کوڕەکەی. ئێمباپێ لە ساڵی 2013 قوتابی بوو لە قوتابخانەی 'کاترین' لە شاری ڤیڤۆن، پێش ئەوەی هەر لە هەمان ساڵدا پەیوەندی بە یانەی مۆناکۆوە بکات، کە هەموو مەرجەکانی بۆ دابین کرد تاوەکو لە تەمەنی 15 ساڵییەوە لە تیپی لاواندا بدرەوشێتەوە.
شکاندنی ریکۆردەکەی تێری هێنری
یەکەم دەرکەوتنی ئێمباپێ لە خولی فەرەنسی Ligue 1 دەگەڕێتەوە بۆ 2ـی کانوونی یەکەمی 2015، کاتێک لیۆناردۆ جاردیم لە خولەکی 88ـدا وەک جێگرەوەی فابیۆ کۆینتراو ناردییە ناو یاریگا. بەڵام مێژووی راستەقینە لە 20ـی شوباتی 2016 نووسرایەوە کاتێک ئێمباپێ یەکەم گۆڵی خۆی لە خولی فەرەنسی تۆمارکرد و ریکۆردی تێری هێنری شکاند، و بووە گەنجترین یاریزان لە مێژووی مۆناکۆدا گۆڵ تۆمار بکات، کە لە تەمەنی 17 ساڵ و 62 رۆژیدا.
رەتکردنەوەی 40 ملیۆن یۆرۆ لەپێناو ئێمباپێ
یەکێک لە زانیارییە سەرنجڕاکێشەکان ئەوەیە کە یانەی مانچێستەر سیتی دەستەوارەیەکی فەرمی بەبڕی 40 ملیۆن یۆرۆ بۆ کڕینی ئێمباپێ پێشکەش کرد، بەڵام یانەی مۆناکۆ رەتیکردەوە. کارگێڕیی یانەکە پێیان وابوو ئێمباپێ سەرمایەیەکی گەورەیە و هێشتا زووە بۆ ئەوەی روو لە خولێکی دیکە بکات.
پاشای گەنجی چامپیۆنزلیگ
ئێمباپێ لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپاش درەوشایەوە. کە لە وەرزیی 2017 لەو پاڵەوانێتییەدا 5 گۆڵی تۆمارکرد و بووە گەنجترین گۆڵکاری مێژووی ئەم پاڵەوانێتییە کە بگاتە ئەو ژمارەیە. تەنانەت کاتێک مۆناکۆ لەسەر دەستی یوڤێنتوس لە نیوەی کۆتایی کرایە دەرەوە، میدیاکانی جیهان تەنیا باسی ئێمباپێیان دەکرد کە چۆن توانی گۆڵ لە بەهێزترین بەرگرییەکانی ئەورووپا بکات.
کوڕە سادەکەی فەرەنسا؛ بەبێ ئۆتۆمبێل و دوور لە کێشە
بەپێچەوانەی زۆر لە یاریزانە لاوەکان کە زوو دەکەونە داوی نێوبانگ و ژیانی شاهانە، ئێمباپێ لە تەمەنی گەنجەیدا ژیانێکی زۆر سادە دەژی. تاوەکو ماوەیەکی درێژ خاوەنی ئۆتۆمبێلی تایبەت بەخۆی نەبوو، و زۆربەی کات باوکی دەیگەیاندە مەشقەکان. ئەو پەیوەست بوو بە خێزانە پارێزگارەکەیەوە و دوور بوو لە کێشەکانی شەوگەران و کات بەسەربردن، ئەمەش وایکرد لە چاوی چاودێراندا وەک 'پڕۆفیشناڵێکی نموونەیی' دەربکەوێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێستا کیلیان ئێمباپێ جیاوازە و چەند کەپڵێکی تاوەکو ئێستا بەڕێکردووە، ئەو گەنجە فەرەنسییە چەندینجار لەگەڵ چەندین کچی جیاواز دەرکەوتووە.
خێزانێکی تەواو وەرزشی
سەرکەوتنی ئێمباپێ رێکەوت نییە؛ ئەو لە خێزانێکی 100% وەرزشی گەورە بووە. باوکی بەناوی ویلفرید راهێنەرە. فایزە عەماری کە بەڕەچەڵەک جەزائیرییە، یاریزانێکی پێشووی ناوداری تۆپی دەست بووە. براکەشی بەناوی بیار ئێمباپێ دەڵێت "ئەو ئاستەی کیلیان بەرهەمی ماندووبوونی باوکمە کە چ لە ناو یاریگا و چ لە دەرەوە، هەمیشە وەک سێبەر لەگەڵیدا بووە".
ئێمباپێ: تەنیا تۆپ، خواردن و خەو!
کیلیان لە لێدوانێکیدا دەڵێت "من تەنیا حەزم لە یاریکردن، خواردن و خەوتنە، هیچ شتێکی دیکە بۆ من گرنگ نییە. تەنانەت لە کاتی پشووەکانیشیدا خەریکی یاری ڤیدیۆیی FIFAیە. ئەو گەنجە سەرەڕای ناوبانگەکەی، توانی بڕوانامەی بەکالۆریا لە کارگێڕیدا بەدەستبهێنێت، هەرچەندە ئێستا خوێندنی راگرتووە بۆ ئەوەی تەواو سەرنجی لەسەر تۆپی پێ بێت.
ژوورەکەی پڕبوو لە وێنەی کریستیانۆ
گەورەترین یادگاری ئێمباپێ، بینینی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و زینەدین زیدان بوو کاتێک تەمەنی 14 ساڵ بوو. وێنەیەکی ئێمباپێ لە تەمەنی 13 ساڵیدا بڵاوکرایەوە کە ژوورەکەی پڕبووە لە پۆستەری کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە هەمیشە وەک سەرمەشق و ئیلهامبەخشی خۆی سەیری کردووە.
ئێستا ئێمباپێ تەنیا پۆستەری ژوورەکان نییە، بەڵکو خۆی بووەتە ئەو ئەستێرەیەی کە منداڵانی جیهان پۆستەرەکانی بە دیوارەکانیاندا هەڵدەواسن.
لووتکەی تۆپی پێ
کیلیان ئێمباپێ لە تەمەنی 19 ساڵ و 207 رۆژدادا لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا مۆندیالی 2018ـی رووسیای بەدەستهێنا. ئەو دوای ئەوەی لە مۆناکۆ چووە پاریس سانجێرمان، لەگەڵ ئەو یانەیەدا چەندین نازناوی بەدەستهێنا.
خەونی کیلیان پۆشینی درێسی ریال مەدرید بوو، بۆیە دوای چەند ساڵێک لە رێگریکردن لەلایەن پاریس سانجێرمانەوە، بەخەونی خۆی گەیشت و بووە یاریزانی یانەی شاهانەی ئیسپانیا. لە مۆندیالی 2026یشدا سەرەڕای ئەوەی نەیتوانی نازناوەکە بباتەوە و لە یاریی پێشکۆتاییدا بە ئیسپانیا دۆڕان و لە یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەم و چوارەمدا بەئەنجامێکی قورس 4-6 بە ئینگلتەرا دۆڕا، بەڵام توانی ببێتە گۆڵکاری مێژوویی مۆندیال بەتۆمارکردنی 22 گۆڵ.
باڵۆندۆر و چامپیۆنزلیگی نییە
کیلیان ئیمباپێ سەرەڕای کاروانە گەورەکەی، هێشتا لە دوو خەڵاتی گەورە بێبەشە، کە یاریزانە گەورەکان پێویستە هەیانبێت، کە یەکێکیان تاکەکەسییە و یەکێکیان نازناوێکی بەکۆمەڵە،
ئەو گەوهەرە فەرەنسییە هێشتا نەیتوانیوە لەگەڵ ئەو یانانەی یاری بۆ کردوون، نازناوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە، هەروەها هێشتا نەیتوانیوە باڵۆندۆر بباتەوە، بەڵام ئەو تەمەنی هێشتا نەگەیشتووەتە 28 ساڵی و چەند ساڵێکی لەپێشە بۆ گەیشتن بەو دوو خەونەی، بەتایبەتی کە یاریزانی ریال مەدریدە و دەکرێت بەو دوو ئامانجەی بگات.




