رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی نەورۆز لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یانەی زاخۆی بردەوە، بەمەش بە شێوەیەکی کاتی سەرکەوت بۆ پلەی دووەمی ریزبەندی.
لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا لە یاریگەی زاخۆ، یاریزانانی نەورۆز لە گێمی یەکەمدا ئاستێکی باشیان پێشکێش کرد و لە خولەکی 30 نێتۆ ئاکارا تاکە گۆڵی یارییەکەی بۆ یانەی نەورۆز تۆمارکرد و ئەو گێمە بە پێشکەوتنی نەورۆز کۆتاییهات.
لە گێمی دووەمدا، یانەی زاخۆ هەوڵی زۆری دا بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە و گوشارەکانی بۆ سەر گۆڵی نەورۆز چڕکردەوە، بەڵام بەرگریکارانی نەورۆز توانییان تاوەکو فیکەی کۆتایی پارێزگاری لە گۆڵەکەیان بکەن و سێ خاڵی بەنرخ لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان بەدەستبێنن.
بەم سەرکەوتنە، یانەی نەورۆز ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 18 خاڵ و بە شێوەیەکی کاتی چووە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە بەرامبەردا یانەی زاخۆ بە 9 خاڵ لە پلەی دوازدەهەمی خولەکەدا دێت.



