رووداو دیجیتاڵ
دانیال کارڤاخال دوای کاروانێکی پڕ لە دەستکەوت و بردنەوەی 27 نازناو، لە نێویاندا 6 نازناوی چامپیۆنزلیگ، ریزەکانی ریال مەدریدی جێهێشت. بەڵام هەر سەرەتایەک کۆتایییەکی هەیە و کاروانی ئەو یاریزانەش لە هاوینی رابردوودا لەگەڵ یانەی شاهانە گەیشتە وێستگەی کۆتایی. کارڤاخال بێ یانە ماوەتەوە و لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا نەیتوانی پەیوەندی بە هیچ یانەیەکەوە بکات، بەڵام بەردەوام بوو لە مەشقە تایبەتەکانی تاوەکو دەرفەتێکی نوێی بۆ بڕخسێت بۆ ئەوەی وەک یاریزانی ئازاد روو لە یانەیەک بکات. لەم نێوەندەدا، دەرفەتێکی زۆر گونجاو بۆ کاپتنەکەی پێشووی ریال مەدرید هاتە پێشەوە کە یانەی خێتافی بوو.
لە چەند رۆژی رابردوودا پەیوەندیکردنی بە خێتافییەوە وەک کارێکی تەواوبوو سەیر دەکرا، یانەکە یاریزانێکی بە ئەزموونی دەستدەکەوت و کارڤاخالیش لە شاری مەدرید دەمایەوە. هەموو شتێک ئامادە بوو، بەڵام لەپڕ دۆخەکە بەتەواوی گۆڕا و دەرفەتەکە لەدەستچوو. تۆنیۆ گارسیا، رەخنەگری وەرزشی لە بەرنامەی 'ئێل لەرگێرۆ' ئاشکرای کرد کە ئەنخێل تۆرێسی سەرۆکی خێتافی "ئارەزووەکانی زاڵ کردبوو بەسەر لۆژیکدا"، چونکە کێشەی سەرەکی بۆ رێساکانی کۆنتڕۆڵی دارایی لالیگا دەگەڕێتەوە کە زۆر سەخت بوو شوێن بۆ ئەم گرێبەستە بکرێتەوە.
رێساکانی لالیگا
ئەو رۆژنامەنووسە روونیکردەوە کە بنمیچی خەرجییەکانی خێتافی 56 ملیۆن یۆرۆیە، بە نزیکەیی 57 ملیۆن. ئەنخێل تۆرێس بەباشی ئاگاداری رێساکانی کۆنتڕۆڵی دارایی بوو، بۆیە دەیزانی لەم کاتەدا ناتوانێت گرێبەست لەگەڵ دانیال کارڤاخال واژۆ بکات، ئەوەش بەهۆی هۆکارێکی سادەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لیژنەیەکی سەربەخۆ لە سێ شارەزا پێکهاتووە، کە ئەوان هەڵسەنگاندن دەکەن ئایا واژۆ کردنی گرێبەست لەگەڵ دانیال کارڤاخال لەگەڵ یاساکانی بازاڕ و بنمیچی خەرجیی یانەکەدا دەگونجێت یان نا، کە ئەوان هەڵسەنگاندن بۆ مووچە، تێچووی گواستنەوە و گونجانی لەگەڵ نرخی لۆژیکی بازاردا دەکەن.
رۆژنامەنووسەکە دەڵێت "هەموو ئەم رێکارانە بۆ ئەوەن رێگری بکەن لە پارەدانی نادیار لە ژێر مێزەوە، رێگری لە فرتوفێڵ بکەن، و رێگە نەدەن بگوترێت دوو ملیۆن یۆرۆ دەدرێت، کە مەبەست ئەوە نییە خێتافی ئەوەندە بە کارڤاخال بدات، بەڵام دواتر دوو ملیۆنی دیکە لە رێگەی سپۆنسەری گوماناوی یان پارەدانی شاراوەوە بدرێت".
هەروەها رۆژنامەنووسەکە زیاتر دەڵێت "بەم پێیە، جگە لە تەمەن، هۆکارێکی دیکەی یەکلاکەرەوە هەبوو کە بریتی بوو لە مێژووی یاریزانەکە؛ یارییکردن بۆ یانەیەکی گەورەی وەک ریال مەدرید، هەڵگرتنی نیشانەی کاپتنی و وەرگرتنی مووچەیەکی بەرز، پڕۆسەکەی بە شێوەیەک ئاڵۆز کرد کە چاوەڕوان نەدەکرا".
ئەم رێکارانە بە رەزامەندیی تەواوی یانەکانی لالیگا جێبەجێ دەکرێن، بۆیە سەرۆکی خێتافی ئاگاداری سەختیی بابەتەکە بوو
بەڕێوەبەری بەرنامەکە گوتی"رەنگە کارڤاخال بیەوێت لە شاری خۆی یاری بکات، بەڵام تۆ ناچاری دەکەیت بچێتە سعودیە یان شوێنێکی دیکە تاوەکو زیاتر بەدەستبهێنێت".
پاش تێکچوونی ئەم گرێبەستە و رێگرییەکانی کۆنتڕۆڵی دارایی لالیگا، دانیال کارڤاخال جارێکی دیکە لە دۆخێکی نادیاردا دەمێنێتەوە و خەونی درێژەدان بە یارییکردن لە پایتەختی ئیسپانیا لەدەستدەدات؛ بڕیارە تووندەکانی لالیگاش، سەرەڕای هەوڵدان بۆ رێگری لە فرتوفێڵی ئابووری، بەربەستی سەرەکیین لە بەردەم یاریزانە دێرینەکان تاوەکو لە خولی وڵاتەکەیان بەردەوام بن، ئەمەش کارڤاخال ناچار دەکات بژاردەی یانەکانی دەرەوەی ئیسپانیا یان خولەکانی کەنداو و ئەمریکا بۆ درێژەدان بە کاروانی وەرزشیی هەڵبژێرێت.


