رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئیسپانیا، کۆتایی بەدەمەقاڵە و شەڕی نێوان مونیر نەسڕاوی باوکی لامین یامالی ئەستێرەی بارسێلۆنا و کەسانی دیکە هێنا، پاشئەوەی لە فڕۆکەخانەی 'ئال برات' دەستدرێژیی کردە سەر ئافرەتێک.
مونیر تفی لە ئافرەتێک کردووە و بەکورسی هێرشی کردووەتە سەر ئافرەتێکی دیکە، لە کاتێکدا بەڕێوەبووە بەرەو لەندەن، بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆندۆر.
رووداوەکە چەند کاژێرێک بەر لە دەستپێکردنی رێوڕەسمەکە روویداوە.
لامین پلەی سێیەمی ریزبەندی لیستی براوەکانی باڵۆندۆری بەدەستهێنا، لە کاتێکدا هەری کەین خەڵاتەکەی بردەوە و کیلیان ئێمباپێ، دووەمی ریزبەندییەکە بوو.
رۆژنامەی 'کرونیکا گڵۆباڵ' رۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە، مونیر نەسڕاوی، لە یەکێک لە قاوەخانەکانی فڕۆکەخانەکە لە شاری بارسێلۆنا، چاکەتەکەی خۆی بەشوێنێکدا هەڵواسیوە کە شوێنی هەڵواسینی هیچ شتێک نەبووە، بۆیە کارمەندێکی قاوەخانەکە داوای لێکردووە چاکەکەی لاببات، بەڵام مشتومڕ و دەمەقاڵە لە نێوان هەردوولادا سەریهەڵداوە، بەرلەوەی باوکی یاریزانەکەی بارسا، تف لە رووی کارمەندەکە بکات و دواتر رووبەڕووی سەرکۆنەی زۆری، ئەو کەسانە ببێتەوە، کە ئاگایان لە رووداوەکە بووە.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، "یەکێک لە ئامادەبووان، هەوڵیداوە دەمەقاڵەکە کۆتایی پێبهێنێت و کەوتووەتە نێوان نەسڕاوی و کارمەندەکەوە، داوای لە مونیر کردووە واز لە هێرشکردنە سەر کارمەندەکە بهێنێت".
پەرچەکرداری مونیری باوکی لامین، جێگای سەرنجی ئامادەبووان بووە، رۆژنامەکە دەڵێ، "کاتێک ئەو بەتووندی وەڵامی ناوبژیکارەکەی داوەتەوە و پاڵی پێوەناوە، بەرلەوەی هەوڵبدات بەکورسییەک لێی بدات".
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، لەو ساتەدا و بەرلەوەی دەمەقاڵەکە ببێتە پێکدادانی گەورە، پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە و کۆتایی بەدۆخەکە هێناوە.
بەپێی رۆژنامەکە، مونیر دوای دەمەقاڵەکە، راستەوخۆی بەفڕۆکە گەشتی لەندەنی کردووە و لەوێ لە ئاهەنگی باڵۆندۆر، لەگەڵ لامیندا دەرکەوتووەتەوە.
لامین لە رێوڕەسمی خەڵاتەکانی باڵۆندۆری ئەمساڵدا، خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی بەدەستهێنا.
باوکی لامین، مێژوویەکی گەورەی لە شەڕ و کێشەی کۆمەڵایەتیدا هەیە، پێشتر لەلایەن چەند دراوسێیەکییەوە هێرشی کرایە سەر و چەقۆی لێدرا، پاشئەوەی سووکایەتی بەوانکرد و جنێوی پێدان.




