رووداو هەولێر
لە گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە کاژێر 18:45 یانەی هەولێر دوور لە یاریگا و هاندەرانی یاریی لەگەڵ یانەی نەفتی میسان.
یانەی هەولێر وەرزی ئەمساڵ باشترین تیپی کوردستانی خولەکەیە، تیپەکە پێنج بردنەوە و دوو یەکسانبوون و دۆڕانێکی هەیە، بەکۆکردنەوەی 17 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە و جیاوازییەکەی لەگەڵ یانەی گەرمەی پێشەنگ سێ خاڵە.
بەر لە یارییەکە لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئێمە سوودێکی باشمان لەو دوو هەفتەیە وەرگرت کە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق وەستابوو، توانیمان پلانی باش و رێکخستنەوە و ئامادەکاریی باش بۆ رکابەرییەکانی داهاتوو ئەنجام بدەین".
درێس زەردەکان سێ رۆژە بە فڕۆکە گەشتیان بۆ شاری بەسرە کردووە، شەوێک لە بەسرە مانەوە و دواتر گەشتی شاری عەمارەیان کرد، بەمەبەستی یاریکردن بەرامبەر یانەی نەفتی میسان.
راهێنەری یانەی هەولێر زیاتر روونیکردەوە "لەو یارییەدا هەریەک لە ئیبراهیم بایش و هومام تاریق بەهۆی پێکان ناتوانن یاری بکەن، بەڵام ئەستێرەکانی دیکە توانایان هەیە سێ خاڵی گرنگ و دڵخۆشکەر ببەنەوە".
دوای تەواوبوونی یارییەکە شاندی یانەی هەولێر بە فڕۆکە دەگەڕێنەوە و درێژە دەدەن بە ئامادەکارییەکانیان بۆ یەکەم یارییان لە جامی یانەکانی کەنداو، رۆژی 14ـی ئەم مانگە، یانەی هەولێر لە ئیمارات یاریی لەگەڵ یانەی عەجمان دەکات.
هەولێر رۆژی 12ـی ئەم مانگە گەشتی ئیمارات دەکات، بڕیاریش وایە یانەکە ژمارەیەکی زۆری رۆژنامەنووس، هاندەر و وەرزشوانە دێرینەکان بۆ پاڵپشتی تیپەکەی لەگەڵ خۆی بباتە شاری ئیمارات.


