رووداو دیجیتاڵ
میدیاکارانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، بەتووندی سەرکۆنەی کیلیان ئێمباپێ، گۆڵکاری یانەکەی کردووە، بەهۆی هەڵسوکەوتەکانی ماوەی رابردوویەوە و رەخنەی زۆری لێگرتووە.
مۆرینیۆ وەکئەوەی سەرچاوەکان باسیانکردووە، دەمەقاڵەی تووندی لەگەڵ کیلیاندا هەبووە، بەهۆی ئەوەی ئەو یاریزانە، لەماوەی رابردوودا و پاش گەڕانەوەی لە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی فەرەنسا کردوویەتی.
ریال مەدرید لە دۆخێکی باشدانییە، تیپەکە دوو یاریی لەسەرەتای وەرزدا دۆڕاندووە و بەجیاوازیی شەش خاڵ، لە دوای بارسێلۆنای پێشەنگە کە ئاستێکی ناوازە پێشکەشدەکات.
پیپی ئێسترادا، رۆژنامەڤانی ئیسپانی دەڵێ، مۆرینیۆ بەئامادەبوونی ژمارەیەک کەس، رووبەڕوو قسەی لەگەڵ کیلیان کردووە، هۆشداریی تووندی داوەتێ، بەهۆی هەندێک لە هەڵسوکەوتەکانی لەماوەی رابردوودا.
کیلیان لەپاش دوورکەوتنەوەی لە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی فەرەنسا بەهۆی پێکانەوە، گەڕایەوە مەدرید، بەڵام لەماوەی چارەسەروەرگرتن بۆ پێکانەکەی، لەگەڵ ئێسپۆسیتۆی کچەهاوڕێی لە چەند شوێنێک دەرکەوت، دواتریش ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردەوە، کە پایسکل لێدەخوڕێت، لە کاتێکدا چەند رۆژێک بەر لەو ڤیدیۆیە، مۆرینیۆ لە چاوپێکەوتنێکدا گوتبووی، یاریزانی تۆپی پێ، نابێ بۆخۆشیی خۆی، پایسکل لێبخوڕێت، چونکە ئەگەر هەیە دووچاری پێکان ببێت.
رۆژنامەڤانە ئیسپانییەکە دەڵێ، مۆرینیۆ بەزمانێکی تووند و بەتووڕەییەوە بە ئێمباپێی گوتووە، "تۆ بۆچی ئەوەندە...؟" بەبێئەوەی ئاشکرای بکات، ئەو وشەیەی کۆتایی رستەکەی سپێشەڵ وەن، بۆ یاریزانەکەی چیبووە.
ئێسترادا روونیکردووەتەوە، مۆرینیۆ بە کیلیان گوتووە، لەبەردەم میدیاکاندا بەرگریت لێدەکەم، کاتێک رەخنەت لێدەگرن و پرسیارم لێدەکەن لەبارەی تۆوە، بەڵام لە ژووری جلگۆڕیندا دۆخەکە جیاواز دەبێت و ئەو بەرگرییە نابینیت.
رۆژنامەنووسەکە، لە راپۆرتەکەیدا دەڵێ، مۆرینیۆ گوتوویەتی، "لەبەردەم رۆژنامەنووساندا بەرگریت لێدەکەم، بەڵام لە ژووری جلگۆڕیندا نا".
ئێسترادا لەبارەی ئەو قسە تووندەوە کە مۆرینیۆ بە هێرشبەرە فەرەنسییەکەی گوتووە، دەڵێ، مۆرینیۆ نەیگوتووە "تۆ بۆ ئەوەندە دەبەنگیت. قسەیەکی دیکەی گوتووە کە وەکئەو وایە".
ئێمباپێ رۆژی 25ی مانگی رابردوو، لە یاریی نێوان فەرەنسا و تورکیا و پاش تۆمارکردنی گۆڵێک، دووچاری پێکانبوو لە ئەژنۆیدا، دەستبەجێ گەڕایەوە مەدرید بۆ چارەسەری وەرگرتن.
لەماوەی چارەسەرییەکەدا، کیلیان دواتر لە پاریس بینرا، بەرلەوەی ڤیدیۆی خۆی بەسەر پایسکلێکەوە بڵاوبکاتەوە لە چیاکانی ئەلپی سویسرا.
هەڵسوکەوتەکانی کیلیان لە میدیاکاندا رووبەڕووی رەخنە بووەوە، ئەگەرچی هەندێک سەرچاوە ئاشکرایانکردووە، هەڵسوکەوت و گەشتەکانی کیلیان لەو ماوەیەدا، بەئاگاداریی یانەکەی بووە.
راپۆرتی میدیاکان هاوکاتە لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن، کە ئێمباپێ لە هەڵسوکەوتی یانەکەی لەبارەی هەڵمەتی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆر نیگەرانە. سەرچاوەکان دەڵێن، ئێمباپێ پێیوایە ریال مەدرید وەک پێویست لە میدیاکاندا پشتگیری ناکەن، لەپێناو بەدەستهێنانی باڵۆندۆری ئەمساڵ.




