رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی راپرسییەکی رۆژنامەی 'ئابۆلا'ی پۆرتوگالی هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی خوێنەرانی بەرامبەر گەڕانەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال ئاشکرا کرد؛ زیاتر لە %70ی بەشداربووان پێیان وایە کاپتنی هەڵبژاردەکە چیدیکە هیچ هۆکار و شایستەییەکی بۆ گەڕانەوە نەماوە.
ئەم راپرسییە دوای ئەو راگەیێندراوە درێژەی رۆناڵدۆ هات کە رۆژی سێشەممە سەبارەت بە کێشەی نێوان خۆی و خۆرخێ جیسوسی راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال بڵاوی کردەوە، دوای ئەوەی کەمپی تیپەکەی جێهێشتبوو.
سەرەڕای ئەوەی رۆناڵدۆ داوای لێبوردنی لە هاندەران کردبوو بۆ جێهێشتنی کەمپەکە، بەڵام هاوکات وردەکاریی نوێی سەبارەت بە کێشەکەی لەگەڵ جیسوس خستەڕوو و راهێنەرەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی لە دوو بۆنەی جیاوازدا بەڵێنەکانی نەبردووەتە سەر.
ئەنجامەکانی راپرسییەکە
دوای بڵاوبوونەوەی راگەیێندراوەکە، رۆژنامەی 'ئابۆلا' راپرسییەکی بۆ خوێنەرانی خستەڕوو تاوەکو گرنگترین دەرئەنجامی لێدوانەکانی رۆناڵدۆ دەستنیشان بکەن، کە زیاتر لە 25 هەزار کەس تێیدا بەشدار بوون:
%70ی بەشداربووان: پێیانوایە ئەو سزایەی رووبەڕووی ڕۆناڵدۆ دەبێتەوە، بە مانای ئەوە دێت کە چیدیکە هیچ مەرج و شایستەییەکی بۆ گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال تێدا نەماوە.
%14ی بەشداربووان: پێیانوایە قەیرانەکە لە ماوەی چەند رۆژێکدا کۆتایی پێدێت و بارودۆخەکە لە نێوان رۆناڵدۆ و هەڵبژاردەکەدا ئاسایی دەبێتەوە.
%7ی بەشداربووان: چارەسەرەکە لەوەدا دەبینن کە رۆناڵدۆ لە یەک کاتدا ببێتە یاریزان و راهێنەری هەڵبژاردەکە.
%6ی بەشداربووان: پێیانوایەجیسوس پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە و دۆخی ئێستا رێگە نادات هەردوو لا پێکەوە لە هەڵبژاردەکەدا بەردەوام بن.
ئەنجامی ئەم راپرسییە هەڵوێستێکی روونی خوێنەرانی رۆژنامە پۆرتوگالییەکە پێشان دەدات، بەوەی لە نێوان هەر 10 بەشداربوو زیاتر لە 7 کەسیان گەڕانەوەی رۆناڵدۆ بۆ هەڵبژاردەکەیان بە مەحاڵ دەزانن.




