رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا کە لە رۆژنامەی 'ئابۆلا' بڵاوکرایەوە، راستییەکانی سەبارەت بە کێشەکەی لەگەڵ خۆرخێ جیسوسی راهێنەر خستەڕوو و داوای لێبوردنی لە گەلی پۆرتوگال کرد.
دەقی راگەیێندراوەکەی رۆناڵدۆ
وەک بەڵێنم دابوو، بڕیارمدا بە خۆم و راستەوخۆ رووداوەکانی دوایین قۆناخی گەشتی هەڵبژاردەی نیشتمانی بگێڕمەوە.
کریستیانۆ لە راگەیێندراوەکە نووسیویەتی"دوای مۆندیالی 2026، پەیامێکم بۆ گەلی پۆرتوگال ئامادەکردبوو تاوەکو لە کاتی ماڵئاوایی یەکجاریم لە هەڵبژاردەکە بڵاوی بکەمەوە. لە فڕۆکەی گەڕانەوەدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، سەرۆکی یەکێتییەکە زۆری لێکردم لە بڕیاری رۆشتنم بکشێمەوە. دواتر رای منی وەرگرت لەسەر ناوی راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەکە پێم گووت ئەوە هەڵبژاردنێکی نموونەیی دەبێت و لە رۆژی ناساندنیشیدا زۆر دڵخۆش بووم. دوای چەند رۆژێک، راهێنەرە نوێیەکە پەیوەندی پێوە کردم و لە کۆمەڵگەی وەرزشی کۆبووینەوە. پێی گوتم کە بوونم لە پڕۆژەکەیاندا زۆر پێویستە. گوتی یاریی یەکەم و کۆتایی دەکەم و لە نێوان یارییەکاندا 3 بۆ 4 گۆڕانکاری دەکات. پێشنیازی کرد لەگەڵ هەڵبژاردەکە گەشت نەکەم بۆ نەرویج و دانیمارک، بەڵام راستەوخۆ ئەوەم رەتکردەوە چونکە مانەوەم لە پۆرتوگال نموونەیەکی باش نەدەبوو، ئەویش لەگەڵ شیکارییەکەمدا هاوڕا بوو. لە شەوی پێش دەستپێکردنی مەشقەکان، راهێنەر هاتە ماڵەکەم لە لێسبۆنە و بە هەمان بنەما رێککەوتین. لە یاریگەی ئالڤالاد یارییم کرد و سەرەڕای گۆڕانکاری، بە دەستی خۆم کاپتنم کردە قۆڵی برۆنۆ فێرناندێز و هیچ کێشەیەکم دروست نەکرد".
هەروەها باسی بەڵێنەکەی جیسوسی کرد و گوتی"لە کاتی نانی نیوەڕۆ لە رۆژی یارییەکەی نەرویج، یاریدەدەری راهێنەر پێی گوتم راهێنەر دەیەوێت قسەت لەگەڵ بکات. راهێنەر لێی پرسیم ئایا ئامادەم 30 خولەک یاری بکەم؟ رازی بووم. لە نیوەی یارییەکەوە دەستم بە گەرمکردنی جەستەم کرد، بەڵام کەس بانگی نەکردم، راهێنەر بەڵێنەکەی شکاند. لە کۆتایی یارییەکدا نەچوومە پێشوازیکردنی هاندەران؛ هەڵەیەک کە بە تەنیا بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرم و داوای لێبوردن لە گەلی پۆرتوگال و هاندەران دەکەم. 48 کاژێر دواتر، لەگەڵ راهێنەر و سیمۆ کۆتینیۆ دانیشتین. رێککەوتین راهێنەر لە هۆڵی کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا بڵێت هەڵەی ئەو بووە تەنیا بۆ خۆگەرمکردن بەکاربهێنرێت. لە کۆتاییدا داوای باوەشپێداکردنی لێکردم و بەڵێنی دا. بە بڵاوکردنەوەی ئەو تێبینییانەی کۆنگرەکە، راهێنەر بۆ دووەم جار بەڵێنەکەی شکاند. بۆیە بڕیارمدا کەمپی مەشق و راهێنانەکان جێبهێڵم".
هەروەها گوتی"داوای لێبوردن لە هاوڕێکانم لە هەڵبژاردە و لە گەلی پۆرتوگال دەکەم بۆ جێهێشتنی کەمپەکە، بەڵام شکاندنی بەڵێنەکە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەرم دروستکرد. یەکێتیی تۆپی پێی پۆرتوگال دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانم بکات و سزام بدات؛ پێموایە نابێت سزاکە کەم بکرێتەوە چونکە من کاپتنی هەڵبژاردەکەم. سەبارەت بە یاریی ماڵئاوایی، بەڵێن بە هاندەران دەدەم کە کات بۆ ئەوەش دەبێت، بەڵام بۆ من هەڵبژاردە واتە رکابەریکردن. دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سزادانەکەم، ئەگەر لە رووی جەستەیییەوە ئامادە بم، بەردەست دەبم بۆ رکابەریکردن و بردنەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی".
بەم شێوەیە کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاشکرای کرد کە دووجار بەڵێنشکاندنی خۆرخی جیسوس و رێزنەگرتن لە رێککەوتنەکانیان هۆکاری سەرەکیی جێهێشتنی کەمپی پۆرتوگال بووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری وازهێنانی پەشیمان کرابووەوە؛ ئێستاش ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی هەر سزایەک پێشانداوە و دووپاتی کردووەتەوە دوای جێبەجێکردنی سزاکەی، بە هەمان گیانی رکابەرییەوە دەگەڕێتەوە نێو هەڵبژاردەی نیشتمانی.




