رووداو دیجیتاڵ
راسمۆس هۆیلۆند، هێرشبەری دانیمارکی راستی ئەو گرتە مشتومڕهەڵگرەی ئاشکراکردووە، کە تێیدا پاڵ بە خۆرخێ جیسوسی راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگالەوە دەنێت.
هۆیلۆندی هێرشبەری ناپۆلی، لە دوای یاریی نێوان دانیمارک و پۆرتوگال لە نەیشنسلیگ، کە بە 2 - 4 گۆڵ کۆتایی هات، بەسووکی پاڵی بە جیسوسی راهێنەری پۆرتوگالەوە نا، کاتێک یاریزانان و راهێنەرانی هەردوو هەڵبژاردە، لە یاریگادا کۆبوونەوە، ئەو پاڵە سووکە لای هەندێک بەهاوسۆزیی هۆیلۆند، لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆی نموونەی باڵای ئەو یاریزانە و ئەفسانەی پۆرتوگال ناوبرا، پاشئەوە تەنگژە نوێیەی کەوتە نێوان کریس و راهێنەرەکەیەوە، لە هەڵبژاردەی پۆرتوگال.
یاریزانە تەمەن 23 ساڵانەکە، رەتیکردەوە بەپاڵنەری تۆڵە لە جیسوس ئەوەی کردبێت، ئەو دەڵێ، پاڵنانەکە پەیوەندی بەوەوە نەبوو کە لە نێوان جیسوس و رۆناڵدۆ روویدا. هۆکارەکە ئەوەبوو کە هەستمکرد ئەو راهێنەرە سووکایەتی پێکردم.
هێرشبەرەکەی دانیمارک دەڵێ، جیسوس، لەکاتی تەوقەکردندا تەماشای نەکردم، هەستمکرد بێڕێزیم بەرامبەر دەکات، ئەو زۆر بەساردییەوە مامەڵەی لەگەڵ کرد، پشتگوێی خستم. لەبەرئەوە منیش بەخۆمم گوت، ئەو بەڕاستیەتی؟ ئەوە بێڕێزییە، دەبێ بەشێوەیەکی دروست تەوقەم لەگەڵ بکات، هەربۆیە پەرچەکرداری من بەو شێوەیە بوو.
هۆیلۆند ئاشکرایکردووە، ئاهەنگگێڕانی بەبۆنەی گۆڵ تۆمارکردنەوە، لە خولەکی 53 بەرامبەر پۆرتوگال، هاوشێوەی ئاهەنگگێڕانە بەناوبانگەکەی رۆناڵدۆ، دیارییەک بووە بۆ ئەو ئەفسانەیە.
ئەو دەڵێ، دەزانم رۆژنامەنووسەکان بەدوای ناونیشانی دیاردا دەگەڕێن و بەدەستی دەهێنن. من هەرگیز سڵم لەوە نەکردووەتەوە کە بڵێم، ئەو نموونەی باڵای منە. ئەو هەموو کات بۆ من گرنگ و جێگای سەرنج بووە.
من کاتێک چوومە مانچێستەر یونایتد، ئەو شەش مانگ بوو لە یانەکە رۆیشتبوو، ئەوە وەک ئەوە وابوو من بۆشایی ئەو پڕ بکەمەوە، بەڕاستی چێژبەخش بوو.
هۆیلۆند هیواخوازە، کێشەی نێوان کریس و جیسوس کۆتایی بێت، پاشئەوەی رۆناڵدۆ لە دوای یاریی نێوان پۆرتوگال و نەرویج، کە بەسەرکەوتنی پۆرتوگال بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک کۆتایی هات، بەشداریی نەکرد و لە مەشقەکان کشایەوە، بەرلەوەی بەتەواوی کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکەی بەجێبهێڵێت و دواتریش لە پەیامێکدا، نیگەرانیی خۆی لە دۆخەکە رابگەیەنێت.
هۆیلۆند دەڵێ، رۆناڵدۆ بیرکردنەوەیەکی مەزنی هەیە، هیوادارم کێشەکانی نێوان ئەو و پۆرتوگال کۆتاییان بێت، جێگای داخ دەبێت کە کاروانی باشترین یاریزانی مێژوو لەگەڵ هەڵبژاردەکەی، بەو شێوەیە کۆتایی بێت.
لە دوایین پێشهاتی کێشەی نێوان کریس و جیسوسدا، راهێنەری پۆرتوگال کراوەیی دەرگای هەڵبژاردەکەی لەبەردەم رۆناڵدۆ، بۆ گەڕانەوە دووپاتکردووەتەوە، لە کاتێکدا بەپێی میدیاکان، رۆناڵدۆ لە مەدریدەوە گەڕاوەتەوە سعودیە بۆ دەستکردنەوە بە مەشقکردن، لەگەڵ یانەی نەسڕ.




