رووداو دیجیتاڵ
خۆرخی جیسۆس، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەڵێت "رۆناڵدۆ هاوڕێی منە و ئەگەر ئامادەبێت بانگهێشتی هەڵبژاردەکەی دەکەمەوە."
جیسۆس لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەیان بەرامبەر نەرویج لەبارەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ گوتی "یەکێک لەو شتانەی بە کریستیانۆم گوت ئەوە بوو کە ناکرێت ماوەی یاریکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەکە لە مۆندیالدا بە دۆڕان و گریان کۆتایی پێ بێت. دەبووایە بە یارییکردن بۆ پۆرتوگال ماوەکەی کۆتایی بێت، ئەویش هات بۆ ئەوەی یاریی بکات و لە یاریی یەکەمدا لە یاریگای ئەلڤالادێ بوو، دەبووایە لێرە بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی روویدا هەموو شتێک جیاواز بوو."
راهێنەری پۆرتوگال بە رۆژنامەڤانانی گوت "تاکو ئەو جێگایەی پەیوەندی بە منەوە هەبێت، کریس لە بانگهێشتکردنی داهاتووی تیپدا دەتوانرێت بانگهێشتبکرێت، بەو مەرجەی بۆ نەسڕ یاری بکات. ئەگەر بیەوێت، دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردەکە. چونکە، دووبارەی دەکەمەوە، بە بۆچوونی من، هاوڕێیەتییەکی چەندین ساڵە نابێت لە دۆخێکدا کۆتایی بێت کە هیچ مانایەکی نییە. تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو خۆی ناوی دەرکردووە، رەنگە بە راستیش، چونکە نموونەی باڵایە، ئەم هەموو باسەی خۆ گەرمکردن و گەرم نەکردنە، چوونە ناو یاری و نەچوون سەری هەڵدا. ئەمە بۆ هەموو یاریزانان روودەدات. چەند یاریزان ئەمڕۆ خۆیان گەرم کردەوە، بەڵام نەچوونە ناو یاری؟ چەند؟ ئایا کێشەیەک دروست دەبێت؟ نەخێر. لەگەڵ کریس جیاوازە، لەوێ دەچینە سەر ئەم باسە، چونکە ئەو نموونەیە. جیاواز بوو، بەڵام ئایا کێشەیە؟ بۆ من کێشە نەبوو، بۆیە ئەمە دەڵێم. ئەگەر کریستیانۆ بیەوێت و ئەگەر بۆ نەسڕ یاری بکات، ناوی لە لیستی بانگهێشتکراوەکانی داهاتوو دەبێت."
جیسۆس لەبارەی بانگهێشتکردنی یاریزانان بۆ هەڵبژاردەکە گوتی "هەرکەسێکم بوێت هەڵیدەبژێرم؛ پرسیار لە کەس ناکەم کە کێ بانگهێشت بکەم، هەروەها پرسیار لە کەس ناکەم کە بڕیارە یاری بکات. لە روانگەی منەوە، وەک راهێنەرێک، ساتی جۆراوجۆر و بنەمای جۆراوجۆر هەن کە بۆ من هیچ دانوستنێکی لەسەر نییە بۆیە، ناتوانم لەمە روونتر بم، نازانم."
خۆرخی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی ئەوەی دەگوترێت ئامادەیی پێشانداوە داوای لێبوردن لە رۆناڵدۆ بکات گوتی "داوای لێبوردن لە کەس ناکەم، من بەرپرسیارم بەرامبەر ئەوەی روویداوە، بەڵام دەزانم بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن لەنێوان دوو کەسدا، هەردوولا دەبێت قسە بکەن و بگەنە رێککەوتن. بۆیە، ئەگەر پەیوەندی بە منەوە نەبێت، ئەو بڕیارە پەیوەندی بە منەوە نییە."




