رووداو دیجیتاڵ
کیران ماگوایەر، شارەزای بەناوبانگی کاروباری دارایی لە تۆپی پێی ئینگلتەرا پێشبینی دەکات بەهۆی دۆسیەی 115 سەرپێچییە داراییەکە، لە نێوان 50 بۆ 60 خاڵ لە یانەی مانچێستەر سیتی لە پرێمەرلیگ ببڕدرێت.
بەپێی شیکارییەکانی ئەم پسپۆڕە داراییە، لە ئەگەری پەسەندکردنی بڕیاری سەرپێچییەکان دژی مانچێستەر سیتی، کەمکردنەوەی زیاتر لە 70 خاڵ بە مانای دابەزینی یانەکە دەبێت بۆ خولی پلە یەک، بەڵام بڕینی 50 خاڵ هێشتا دەرفەتی مانەوە لە خولەکەدا دەهێڵێتەوە. ماگوایەر لە لێدوانێکیدا گوتی "ئەگەر مانچێستەر سیتی سزای لێبڕینی 50 خاڵی بەسەردا بسەپێنرێت، کۆی خاڵەکانی دەبێتە 35 خاڵی نەرێنی، لە کاتێکدا 33 یاری مابێت، رەنگە بتوانێت لە پرێمەرلیگ بمێنێتەوە".
دۆسیەکە پەیوەندی بە 115 تۆمەتی پێشێلکردنی یاسا داراییەکانەوە هەیە، کە یانەکە لەلایەن دەستەیەکی سەربەخۆوە سەرپێچییەکانی لەسەر ساخبووەتەوە و لە قۆناخی تانەلێداندایە. ماگوایەر ئاماژەی بەوەش کرد لە پاڵ لێبڕینی خاڵەکاندا، سزاکە سەرپێچییەکی دارایی زۆر قورسیش لەخۆدەگرێت، ئەمەش بە پشتبەستن بەو سزایانەی پێشتر بەسەر چەندین یانەی دیکەی ئینگلیزیدا سەپێنراون.
بەرپرسانی یانەی مانچێستەر سیتی بەردەوامن لە رەتکردنەوەی تەواوی تۆمەتەکان و هەوڵە یاساییەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان چڕکردووەتەوە، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامی کۆتایی ئەم دۆسیەیە گۆڕانکارییەکی گەورە لە داهاتووی پرێمەرلیگدا دروستبکات.




