رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی باڵای پۆرتوگال بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان کریستیانۆ رۆناڵدۆ و خۆرخی جیسۆس دێنە سەرهێڵ و فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەش گوشارێکی گەورەی لەسەرە.
بەجێهێشتنی کەمپی مەشقەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و یاریی نەکردنی بۆ تیپەکە لە سێ یاریی بەدوای یەکدا کاردانەوەیەکی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و لەلایەن هەواداران و لایەنگرانی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی ئۆ جۆگۆی پۆرتوگالی، لەسەر ئاستی باڵا و حکومەتی پۆرتوگال دەستوەردان لە پرسی کریستیانۆ رۆناڵدۆدا دەکرێت، چونکە ناکۆکییەکانی نێوان کریستیانۆ و خۆرخی جیسۆس تەنیا پرسێکی وەرزشی نییە، بۆیە حکومەتی پۆرتوگال راستەوخۆ بەشداری لە پرۆسەکەدا دەکات.
پرسەکە گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە، حکومەتی پۆرتوگال دەیەوێت کێشەکە چارەسەر بکات، هۆشداری دراوەتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال، بۆ ئەوەی کار لەسەر رەواندنەوەی ناکۆکییەکان لەنێوان رۆناڵدۆ و جیسۆس بکات.
چاوەڕواندەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەو بارەیەوە بکرێت بۆ ئەوەی ناکۆکییەکان نەمێنن و پرسەکە بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
لەلایەکی دیکەوە پێدرۆ پروێنسا، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال لەژێر گوشارێکی زۆرە، لەلایەن کەسانی سیاسی، بەرپرسان و بازرگانان، بەهۆی کەسایەتیی بەهێزی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و پێیانوایە ئەگەر ناکۆکییەکان بەو شێوەیە بەردەوامبن کاریگەرییان لەسەر رێکخستنی کارەکانی مۆندیالی 2030 دەبێت.
پۆرتوگال ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی نەیشنسلیگدا بەرامبەر نەرویج یاریی دەکات، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشداری لەو یارییەدا ناکات و چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ ئەو یاریزانە بۆ پەیوەندیکردنەوە بە یانەی نەسڕ بگاتەوە سعودیە.




