رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی بورکینا فاسۆ رووبەڕووی کێشەیەکی راستەقینە دەبێتەوە پێش یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر ئەرجەنتین، کە چاوەڕوان دەکرێت کاژێر 3:00ـی بەربەیانی سبەی ئەنجام بدرێت.
ئەو هێڵی ئاسمانییە لە 30ـی ئەیلوولدا بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە گەشتەکەی هەڵبژاردەی بورکینا فاسۆی لە مەغریبەوە هەڵوەشاندەوە، ئەمەش پلانی گەشتی تیپەکەی بۆ بوینس ئایرێس تێکدا.
هەندێک لە یاریزانە سەرەکییەکان پەیوەندییان بە پێکهاتەکەوە نەکرد، ئەمەش بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ماوەی درێژخایەنی گەشتەکە.
ئەمیر عەبدو، راهێنەری هەڵبژاردەی بورکینا فاسۆ بڕیاریدا کۆمەڵێک یاریزان لە پێکهاتەی تیپی لاوان بانگهێشت بکات بۆ ئەوەی گەشتەکەی بۆ ئەرجەنتین ئەنجام بدات.
بڕیارە شاندی بورکینا فاسۆ چەند کاژێرێک پێش دەستپێکردنی یارییەکە بگاتە ئەرجەنتین، کە بەدڵنیاییەوە ئەمە کێشە بۆ هەڵبژاردە ئەفریقییەکە دروست دەکات.
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، رێکخەرانی یارییەکە بیریان لە گۆڕینی رکابەرەکەی ئەرجەنتین کردووەتەوە بۆ یارییەکەی بەیانی یەکشەممە و دەیانەوێت هەڵبژاردەی بێنین یارییەکە بکات.
ئەم بژاردەیە لەبەرچاو گیرا، چونکە هەڵبژاردەی بێنین لە ئێستاوە لە ئەرجەنتین ئامادەکاری دەکات بۆ یاریی دۆستانە بەرامبەر تیپەکەی لیۆنێل مێسی لە سێشەممەی داهاتوو.
لیژنەی ئامادەکاریش بڕیاریدا کە ئەگەر هەڵبژاردەی بورکینا فاسۆ لە وادەی دیاریکراودا نەگەیشت، بێنین وەک رکابەری ئەرجەنتین بۆ یارییەکە هەنگاو دەنێت، واتا دوو یاریی بەرامبەر ئەرجەنتین دەکات.




