رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی کرواتیا، بەسەرکردایەتیی لوکا مۆدریچ، بەرامبەر ئینگلتەرا یاریی دەکات و دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بەرامبەر ئیسپانیا بکاتەوە.
یارییەکە کاژێر 19:00 لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی نەیشنسلیگ لە ریێکا بەڕێوەدەچێت، کرواتیا چاوی لەوەیە سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی دۆڕانی بەرامبەر ئیسپانیا لەبیر هاندەرانی بباتەوە و بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
رۆژی هەینی یاریزانانی کرواتیا دوایین مەشقەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا و تیپەکە بۆ ئەم یارییە ئامادەیە.
لە ریزەکانی کرواتیا، جۆسێپ یورانۆڤیچ و مارتن ئێرلیچ پێکانیان هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن. کرواتیا لە چیکی بردووەتەوە و بەرامبەر ئیسپانیا دۆڕاوە، تیپەکە ئێستا خاوەنی سێ خاڵە.
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، لە یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەرامبەر چیک بەدەستهێنا و چاوی لە بەدەستهێنانی بردنەوەیەکی دیکەیە، هەرچەند لە دەرەوەی یاریگای خۆیان یاریی دەکەن.
لە تیپەکەی تۆماس تۆخێل، تەنیا نیکۆ ئۆرایلی بەهۆی پێکانەوە ئامادەنییە، سەرجەم یاریزانەکانی دیکەی تیپەکە بۆ یارییکردن ئامادەن.
هەردوو هەڵبژاردە 12 جار بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە، ئینگلتەرا 7 یاریی بردووەتەوە، کرواتیا خاوەنی 3 بردنەوەیە و دوو یارییان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە، لە دوایین چوار رووبەڕووبوونەوەیان، ئینگلتەرا هیچ یارییەکی بەرامبەر کرواتیا نەدۆڕاندووە.




