رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی جامی کەنداو دەستپێدەکەن، لە یاریی لووتکەدا هەردوو هەڵبژاردەی سعودیە و قەتەر رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
لە یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، کاژێر 18:55 لە یاریگای شا عەبدوڵلا لە جەددە، سعودیە بەرامبەر قەتەر یاریی دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
هەڵبژاردەی سعودیە، لەنێو هەشت هەڵبژاردەی بەشدار لە پاڵەوانێتییەکەدا، تاکە هەڵبژاردەیە هەرسێ یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانی بردووەتەوە و بە 9 خاڵ سەرکەوتووە، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەرامبەر عێراق بەدەستهێنا.
جگە لەوەش تیپەکە لەڕووی بەرگرییەوە بەهێزترین تیپی پاڵەوانێتییەکەیە و هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە، ئەمشەو دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی زیاتر لە بردنەوەی نازناوەکە نزیک ببێتەوە.
هەڵبژاردەی قەتەر بە دوو بردنەوە و یەکسانبوونێک، 7 خاڵی کۆکردەوە و وەکو دووەمی کۆمەڵەی دووەم گەیشتووەتە ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە و چاوی لەوەیە لەژێر سەرپەرشتی یولیان لۆپیتیگێ، هەنگاوێکی دیکە لە نازناوی پاڵەوانێتییەکە نزیک ببێتەوە.
لە یاریی دووەمی قۆناخی پێشکۆتایی جامی کەنداو، هەردوو هەڵبژاردەی ئیمارات و عومان رووبەڕووی یەکدەبنەوە و یەکێکیان دەگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و یارییەکە کاژێر 21:30 بەڕێوەدەچێت.
ئیمارات لەم پاڵەوانێتییەدا بە تیپێکی نوێ بەشدارییکردووە و ئەرکی راهێنەرایەتیی تیپەکەشی داوەتە دەستی زلاتکۆ دالیچ، راهێنەری بەنێوبانگی کرواتی و دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە نازناوەکە نزیک ببێتەوە.
هەڵبژاردەی ئیمارات، بەسەرکردایەتیی فابیۆ لیما و نیکۆلاس خیمینێز، کە هەردووکیان بەرازیلین و وڵاتینامەی ئیماراتیان پێدراوە لە قۆناخی رابردوودا لە دوو یارییدا بەرامبەر بەحرەین و یەمەن سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لەگەڵ قەتەر یەکسانبووە، وەکو یەکەمی کۆمەڵەی دووەم گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی.
هەڵبژاردەی عومان، لە دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکاندا سەرکەوتنی بەرامبەر کوێت بەدەستهێنا، بردنەوەکەیان هاوکێشەی کۆمەڵەی یەکەمی گۆڕی و دوای یەکسانبوونی بە هەموو شتێک لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، تیپەکە بە تیروپشک گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی و پاڵەوانێتییەکە.




