رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، لە هەنگاوێکی نوێدا و بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی تۆپی پێی هەڵبژاردەکان لە هەموو وڵاتانی کیشوەرەکەدا، پاڵەوانێتییەکی نوێ بەناوی خولی نەتەوەکانی ئاسیا رێکدەخات، کە هاوشێوەی نەیشنسلیگی ئەورووپایە.
فیدراسیۆنەکە پێشتر رایگەیاندبوو، بیر لە رێکخستنی پاڵەوانێتییەکی نوێ بۆ هەڵبژاردەکان دەکەنەوە و ئامانج لەم هەنگاوەیان بەرەوپێشبردنی تۆپی پێیە لەو وڵاتانەدا کە ئەندامن لە فیدراسیۆنەکەدا و دەیانەوێت هەلی یارییکردنی نێودەوڵەتی بۆ ئەو وڵاتانەش برەخسێنن کە کەمتر هەلی یارییکردنیان لە پاڵەوانێتییەکاندا هەیە.
بەپێی راگەیێنراوی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، لەسەر رێچکەی ئەو چاکسازییەی بە سەرکەوتووانە لە سیستمی پاڵەوانێتیی یانەکانی ئاسیادا ئەنجامدرا، یەکێتییەکە بەردەوامدەبێت لە هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی بەردەوام و هاوسەنگی رکابەری.
فیدراسیۆنەکە سەرنجی لەسەر ئەوەیە تۆپی پێ لە هەموو وڵاتانی ئاسیا بەرەوپێشەوە ببات و سوود لە هەموو کاتانەی فیفا وەربگرێت کە بۆ یارییە نێودەوڵەتییەکان دیاریکراوە، بەمەش بڕیارییداوە خولی نەتەوەکانی ئاسیا لە ساڵی داهاتووەوە دەستپێبکات و یارییەکانی لە کاتی پشووی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەدەچێت.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ماوەی پاڵەوانێتییەکە 16 رۆژ دەبێت و چاوەڕواندەکرێت، مانگی 9ـی 2027 پاڵەوانێتییەکە دەستپێدەکات و هەڵبژاردەکانی ئاستی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە پێکدێن لە؛ ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئوسترالیا، عێراق، سعودیە، ئیران و قەتەر.
لەلێدوانێکدا لەبارەی رێکخستنی پاڵەوانێتییەکە داتوک سری ویندسۆر جۆن، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا دەڵێت "خولی نەتەوەکانی ئاسیا هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پێشەوە، لە چوارچێوەی پابەندبوونە بەردەوامەکانمان بۆ پشتیوانیکردنی گەشەپێدانی 47 ئەندامی نێو یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا. لە رێگەی پێشکێشکردنی سەکۆیەکی رکابەریی رێکخراو کە لە ماوەی پشووی نێودەوڵەتیی لەگەڵ سەقامگیرییەکی زیاتری رۆژمێر و هاندەری وەرزشیی روون، ئامانجمان دابینکردنی دەستگەیشتنی بەردەوامە بە یاریی کوالیتی بەرز، شانبەشانی چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگە لۆجستیکی و تێچووانەی رووبەڕووی هەڵبژاردەی نیشتمانییەکان دەبنەوە."
ئەمینداری گشتیی یەکێتییەکە گوتی "جگە لە سوودە وەرزشییەکەی، ئێمە شایەدی گرنگیدانی زیاتر و گەشەسەندنی هاوبەشە بازرگانییەکان دەبین لە رێگەی خولی نەتەوەکانی ئاسیاوە، ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر هاندەران، میدیاکان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت و دەبێتە هۆکارێک بۆ بازارێکی کراوەتر."
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا رایگەیاندووە، لە ماوەی داهاتوودا زانیاری و وردەکاریی زیاتر لەبارەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە بڵاودەکرێتەوە.




