رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین گەیشتەوە نیشتمانەکەی تاوەکو خۆی بۆ ئەنجامدانی دوایین سەما بە درێسی تانگۆ ئامادە بکات.
ئەستێرەکەی یانەی ئینتەرمەیامی بەیانی رۆژی هەینی بە فڕۆکەیەکی تایبەت لەگەڵ خێزانەکەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی رۆزاریۆ نیشتەوە. بڕیارە مێسی لە شاری فۆنێس پشوو وەربگرێت بەر لەوەی پەیوەندی بە پێکهاتەکەی لیۆنێل سکالۆنییەوە بکات لە سەنتەری مەشقی ئێزێزا، لەوێش تەنیا یەک یەکەی مەشق و راهێنان لەگەڵ هاوتیپەکانی ئەنجام دەدات بەر لە یارییە ماڵئاواییەکەی لەسەر یاریگەی مۆنۆمێنتال.
گەیشتنی براوەی هەشت خەڵاتی باڵۆندۆر زووتر لە کاتی دیاریکراو بوو، دوای ئەوەی سکالۆنی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکانی پێشوودا گوتی "لیۆ دوای یاریی رۆژی سێی ئەم مانگە دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر بیەوێت پێشوەختە بێت دەتوانێت، لە بنەڕەتدا بڕیارە رۆژی یەکشەممە بێت".
یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین بە مەبەستی رێزلێنان لەم ساتە مێژووییە، درێسێکی تایبەتی دیزاین کردووە کە لەسەر درێسی ژمارە 10ـی مێسی دەڕازێنرێتەوە. مێسی لە رۆژی 6ـی ئەم مانگە لەسەر یاریگای مۆنۆمێنتال بەرامبەر هەڵبژاردەی بێنین دوایین یاریی نێودەوڵەتی خۆی ئەنجام دەدات.
مێسی مانگی رابردوو بە فەرمی وازهێنانی خۆی لە یارییە نێودەوڵەتییەکان راگەیاند، دوای ئەوەی سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی کرد بۆ بەدەستهێنانی مۆندیالی 2022 و دوو نازناوی کۆپا ئەمریکا.




