رووداو دیجیتاڵ
عەگید کابایێل، بۆکسێنەری کورد و هەڵگری پشتێنی کێشی قورسی ئەنجوومەنی جیهانیی بۆکسێن (WBC)، بە فەرمی وادەی یەکەم بەرگریکردن لە نازناوەکەی لە یاریگەیەکی گەورەی شاری دوسڵدۆرف لە وڵاتی ئەڵمانیا راگەیاند.
کابایێل لە پەیامێکی فەرمیدا ئاشکرایکرد، رۆژی 28ـی مانگی 11ـی ئەمساڵ یەکەم شەڕی خۆی بۆ بەرگریکردن لە پشتێنی کێشی قورسی جیهان ئەنجام دەدات. ئەم رووبەڕووبوونەوەیە ئەمجارە لە یاریگەیەکی گەورە لە شاری دوسڵدۆرف بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای ئەوەی لە شەڕی پێشوویدا سەرجەم تکتەکانی هۆڵەکە لە ماوەی تەنیا 5 رۆژدا تەواوبوون.
بۆکسێنەرە کوردەکە ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی داواکارییەکی زۆر لەسەر تکتەکان، بڕیاریانداوە شەڕەکە بگوازنەوە یاریگەیەکی گەورەتر، داواشی لە هاندەران کرد بەشداری لە ناونووسینی پێشوەختەدا بکەن و گوتی "با هەموو جیهان ببینێت ئێمە چەند گەورەین".
عەگید کابایێل یەکێکە لە دیارترین بۆکسێنەرانی کێشی قورسە لە جیهاندا و خاوەنی تۆمارێکی بێ شکستە لە یارییە پیشەگەرەکاندا، پێشتریش بە بردنەوەی لە چەندین پاڵەوانی بەناوبانگی جیهانی پێگەی خۆی لە ریزی یەکەمی بۆکسێنی جیهان چەسپاندووە.




