رووداو دیجیتاڵ
جێهێشتنی لەناكاوی کەمپی هەڵبژاردەی پۆرتوگال لەلایەن کریستیانو رۆناڵدۆوە لە رۆژی چوارشەممەدا، تاوەکو ئێستاش لە سەردێڕی سەرەکیی تەواوی دەزگا میدیاییەکانی پۆرتوگالدایە.
گرژی و ئاڵۆزی بەسەر کەمپی هەڵبژاردەی پۆرتوگالدا زاڵە دوای رۆشتنی کریستیانو رۆناڵدۆ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردەکە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە گەڕی سێیەمی نەیشینسلیگ رووبەڕووی دانیمارک دەبێتەوە.
کێشەکە کاتێک دەستی پێکرد کە رۆناڵدۆ لە یاریی رابردوو بەرامبەر نەرویج کە بە سەرکەوتنی پۆرتوگال 2-1 کۆتایی هات، بۆ ماوەی 90 خولەک لەسەر کورسیی یەدەگ مایەوە، ئەمەش تووڕەیی تووندی کاپتنەکەی نەسڕی لێکەوتەوە.
کریستیانو رۆناڵدۆ دوای یارییەکە ئامادە نەبوو بەشداری لە راهێنانەکاندا بکات، بەڵام دواتر کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ جیسوس ئەنجامدا و وا دەربڕا کە دۆخەکە هێور بووبێتەوە؛ بەڵام دەرکەوتنی جیسوس لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یاریی دانیمارک و راگەیاندنی ئەوەی کە هیچ یاریزانێک و هیچ کەسێک لە جیهانی تۆپی پێدا ناتوانێت بیرۆکەکانی بگۆڕێت، وای لە رۆناڵدۆ کرد کەمپی هەڵبژاردەکە جێبهێڵێت و روو لە مەدرید بکات.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی 'ریکۆرد'ی پۆرتوگالی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە کە بابەتەکە گەیشتووەتە باڵاترین ئاستی سیاسی لە وڵاتدا.
رۆژنامەکە ئاشکرای کردووە کە لویس مۆنتینیگرۆ، سەرۆکوەزیرانی پۆرتوگال پەیوەندی بە پێدرۆ پروێنسا، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی پۆرتوگالەوە کردووە بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ خۆرخێ جیسوس دوای رۆشتنی کریستیانو رۆناڵدۆ.
ئاماژە بەوەش کراوە کە مۆنتینیگرۆ دەیەوێت راستەوخۆ لەگەڵ جیسوس قسە بکات، ئەوەش بەهۆی ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ راهێنەری هەڵبژاردەکەدا هەیەتی.
لە هەمان کاتدا، تۆڕی راگەیاندنی 'SIC' ئاشکرای کردووە کە سەرۆکوەزیرانی پۆرتوگال پەیوەندیی تەلەفۆنیشی لەگەڵ کریستیانو رۆناڵدۆ ئەنجامداوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.




