رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال کەمپی مەشقەکانی هەڵبژاردەکەی بەجێهێشت و بەشداری لە یاریی ئەمشەوی بەرامبەر دانیمارک ناکات، بەجێهێشتنی ئەستێرە پۆرتوگالییەکەش کاردانەوەی گەورەی دروستکرد.
رۆناڵدۆ لە پەیامێکدا لە ئینستاگرام، بەجێهێشتنی کەمپی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی راگەیاند و نووسیوویەتی "دوای کۆنگرەی رۆژنامەڤانی راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانی و دوای گفتوگۆکردنم لەگەڵ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال، بڕیارمدا کەمپی مەشقەکانی هەڵبژاردە بەجێبهێڵم."
رۆناڵدۆ لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی "لە کاتێکی گونجاودا لەبارەی ئەو هۆکارانەی وایانکرد هەڵبژاردەکە بەجێبهێڵم راستییەکان بۆ هەموو پۆرتوگالییەکان رووندەکەمەوە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ گوتی "ئێستا هیوای سەرکەوتن بۆ پۆرتوگال و هەموو هاوڕێکانم دەخوازم بەبێ جیاوازی."
درەنگانی شەوی رابردوو، کریستیانۆ رۆناڵدۆ گەیشتە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، لەکاتی گەیشتنی چەندین میدیا ویستیان وێنە و ڤیدیۆیان بگرن، بەڵام تیمی پارێزەرانی رۆناڵدۆ هەموو هەوڵێکیاندا بۆ ئەوەی یاریزانەکە لە چاوی میدیاکان دووربخەنەوە.
لەلایەن خۆیەوە خۆرخی جیسۆس، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکەی ئەمشەویان بەرامبەر دانیمارک لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە گوتی "بە کریسم گوت کە بۆ یارییەکەی نەرویج و دانیمارک، ئەو یاری ناکات. یاری ناکات چونکە من بۆ ماوەی ساڵێک لەگەڵ کریس کارم کردووە، وایە؟ من سێ مانگ پێش ئێستا نەهاتوومەتە ئێرە تاوەکو تازە کریس بناسم؛ من ساڵێکی تەواو لەگەڵی کارم کردووە. من بە تەواوی ئاگاداری باری جەستەییی کریستیانۆم، دەشمزانی، چونکە پێشتریش لە سعودیە ئەمەم کردووە، کە کاتێک هەر سێ رۆژ جارێک یاری هەبووایە، کریس بە دەگمەن یاری دەکرد. جگە لەوەش، کریس هەرگیز لە رۆژی یەکەم یان دووەمی دوای یاری مەشق و راهێنان ناکات."
خۆرخی زیاتر لەبارەی کریسەوە قسەیکرد و رەخنەی زۆری لەو یاریزانە گرت و دەڵێت " ئەو ساڵێک لەگەڵم بوو و هەرگیز ئەوەی نەکردووە. بۆیە من لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵیدا رێککەوتم. لە یارییەکەدا بەوم گوت، ئەویش لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لە پۆرتوگال باسی ئەمەی کرد، کە راهێنەر هەرچییەکی بوێت، چ یارییکردن بێت یان دانیشتن لەسەر کورسیی یەدەگ قسەی ئەو دەبێت. بۆیە ئەو هەرگیز هیچ شتێکی رەت نەکردووەتەوە."
جیسۆس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە رۆژنامەڤانانی گوت "رێک ئەوەش بوو کە رووی دا. بەڵام من وەک راهێنەرێک لەسەر کورسیی یەدەگ دانانیشم بیر لەوە بکەمەوە کە لە خولەکی 60 یان 70دا یاریزانێکی دیاریکراو بهێنمە دەرەوە. کارەکان لەسەر کورسیی یەدەگ بەو شێوەیە بەڕێوە ناچن. خۆی یارییەکە پێم دەڵێت چی بکەم. من پێم وابوو ئەگەرچی رێککەوتبووین کە یاری نەکات، بەڵام رەنگە لە خولەکە کۆتایییەکاندا پێویستم پێی بێت. بەڵام رەوتی یارییەکە شتێکی دیکەی سەپاند، خەڵک دەستیان کرد بە گوتنی شتی دیکە، منیش نەمخستە نێو یاریگاوە. ئەمە چیرۆکە راستەقینەکەیە. هیچ کێشە یان ململانێیەک لە نێوان من و کریسدا نییە. من لە رابردوودا کێشەم لەگەڵ زۆر یاریزان هەبووە، بەڵام لێرە خەڵکی هەوڵ دەدەن بارودۆخێک دروست بکەن کە بوونی نییە. ئەمە بڕیارێکی تەکتییکی بوو لەلایەن راهێنەرێکەوە کە پلانی هەبوو. سەبارەت بە برۆنۆ فێرناندێسیش، رێک هەمان شت بوو."
جیسۆس لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی "نا، هەرگیز هیچ یاریزانێک نابێت بە من بڵێم وەکو راهێنەر چی بکەم، نە یاریزان و نە هیچ دیکە لە تۆپی پێدا، تەنانەت سەرۆکی یانەش، یان هەرکەسێکی دیکە ناتوانن ئەوە بکەن."
راهێنەری پۆرتوگال دەڵێت "هەمووان ئەوە دەزانن، هەرکەسێک لەگەڵ من کاربکات و ئەوەی لە ماوەی ساڵانی رابردوو لەگەڵ من کاریکردووە ئەمە دەزانێت، تەنانەت سەرۆکی یانەش ئەوە دەزانن، سەرۆک و هەموو بەرپرسان ئەوە دەزانن من بەرپرسی یەکەمی تیپەکەم، لە هەر شوێنێک بم، لەگەڵ هەموو یاریزانەکانیش هەمان شتە."
خۆرخی جیسۆس لەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەدا لە وەڵامی رۆژنامەڤانێکدا کە ویستی سێ پرسیار لەبارەی رۆناڵدۆوە بکات گوتی "من 23 یاریزانم هەیە، نەک تەنیا یەک یاریزان، هەر کامەیتان ویست دەتوانن لەبارەیەوە پرسیار بکەن، بەڵام وەڵامی پرسیارەکە دەدەمەوە، سەبارەت بە رۆناڵدۆ پرسیارێک کەمە و سێ پرسیار زۆرە، بۆیە تەنیا دوو پرسیار و ئیدی وەڵام نادەمەوە، چونکە هۆکاری سەرەکی هاتنی من بۆ ئێرە یاریی بەرامبەر دانیمارکە نەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەو راستیە بزانن من راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانیم."
ئەم قسانەی خۆرخی جیسۆس و پەیامەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەکاتێکدان ئەمشەو هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە دەرەوەی یاریگای خۆی سێیەم یاریی لە نەیشنسلیگدا ئەنجامدەدات و رووبەڕووی دانیمارک دەبێتەوە.




