رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی هەژەندێکی نوێی لەسەر قەیرانی جێهێشتنی کەمپی هەڵبژاردەی پۆرتوگال لەلایەن کریستیانۆ رۆناڵدۆوە ئاشکرا کرد، ئەوەش پێش رووبەڕووبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی بەرامبەر دانیمارک.
رۆناڵدۆ تەنیا چەند خولەکێک دوای لێدوانەکانی خۆرخێ جیسوسی راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا کەمپەکەی جێهێشت؛ جیسوس لە کۆنگرەکەدا جەختی کردبووەوە کە هیچ کێشەیەک لەگەڵ رۆناڵدۆدا نییە، بەڵام ئەمڕۆ بە شێوەی سەرەکی یاریی ناکات، هاوکات لێدوانی تووندتریشی دابوو لەوانە: بڕیارە تەکتیکییەکانی لەبەر خاتری هیچ یاریزانێک ناگۆڕێت.
لە پۆرتوگال، زۆربەی ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن کە ئەم رۆیشتنە بە مانای وازهێنانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دێت لە یاریی نێودەوڵەتی، بەڵام تاوەکو ئێستا بابەتەکە بە فەرمی رانەگەیێندراوە.
کریستیانۆ 23 ساڵ درێسی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی پۆشیوە، ناوی وڵاتەکەی لە ئاستی جیهاندا بە بەرزی هێشتووەتەوە و 3 نازناوی بەدەستهێناوە.
رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە "هیچ کەسێک چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد چیرۆکێکی سەرکەوتووی بەم شێوەیە بەم ئاڕاستەیە کۆتایی بێت. ئەوەی بڕیاربوو بە ئاهەنگێکی گەورە لە یارییەکی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و رێزلێنانی شکۆدار کۆتایی بێت، بەم شێوە سارد و سەیرە کۆتایی هات کە تاوەکو ئێستاش وردەکارییەکانی بە هێواشی ئاشکرا دەبن".
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە لەگەڵ هەڵبژاردەکە گەشتبووە دانیمارک، دوای بیستنی قسەکانی راهێنەرەکەی بڕیاریدا ئەو یاریگەیە جێبهێڵێت کە ئامادەکاریی تێدا دەکرد بۆ راهێنانەکان. راستەوخۆ بەرەو هۆتێلەکە رۆشت، جانتاکەی هەڵگرت و داوای فڕۆکە تایبەتەکەی کرد کە لە مەدرید بوو.
رۆناڵدۆ رۆشت، بەڵام دوو کەسایەتیی سەرەکی لە فرۆکەخانە مانەوە، دوای ئەوەی لە دوایین هەوڵدا شکستیان هێنا لە بڕواپێکردنی یاریزانەکە بۆ مانەوە.
خۆرخێ جیسوسی راهێنەری هەڵبژاردە و پێدرۆ پروێنسا، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی پۆرتوگال، هاوڕێیەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆیان کرد بۆ فڕۆکەخانە تاوەکو بڕوای پێبهێنن لە کۆپێنهاگن لەگەڵ هەڵبژاردەکە بمێنێتەوە؛ بەڵام سەرەڕای هەوڵە گەورەکانیان، کاپتنەکەی پۆرتوگال داواکارییەکەی رەتکردنەوە و سەرکەوتە سەر فڕۆکەکە، هەردووکیانی لە فڕۆکەخانە جێهێشت.




