رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق دوایین یاریی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی کەنداو ئەنجامدەدات و دەیەوێت بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکان و لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا، کاژێر 20:30 هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر هەڵبژاردەی سعودیەی میوانداری پاڵەوانێتییەکە یاریی دەکات و چاوی لە بردنەوەی یارییەکەیە بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکەدا بکاتەوە.
عێراق رۆژی دووشەممە دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، دوای یەکسانبوون بەرامبەر عومان و بردنەوە لە کوێت، تیپەکە خاوەنی چوار خاڵە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەی یەکەمە، بە یەکسانبوون و بردنەوەی یارییەکە عێراق دەگاتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
هەموو یاریزانەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئامادەن، ئاکام هاشم بەشداریی لە دوایین مەشقەکانی تیپەکەدا کردووە و ئامادەیە.
لە دوایین پێنج یارییدا هەڵبژاردەی عێراق هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، یارییەکە لەنێو خاکی سعودیەیە و هەڵبژاردەکە دەیەوێت خۆی بگەیێنێتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
لە ئەگەری سەرکەوتنی بۆ قۆناخی پێشکۆتایی، عێراق لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر ئیمارات یان قەتەر یاریی دەکات.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق، مێرخاس دۆسکی، ئاکام هاشم، یوسف ئیمام، محمەمەد دلاوەر و مستەفا قابیل، یاریزانانی کورد یاریی دەکەن.
هەڵبژاردەی سعودیە سەرکەوتنی بۆ قۆناخی پێشکۆتایی مسۆگەرکردووە و دەیەوێت سێیەم بردنەوەی لەسەریەک تۆماربکات، کاتێک بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراق یاریی دەکات.
سعودیە رۆژی دووشەممە دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، راهێنەری تیپەکە بەهۆی نەخۆشییەوە لە دوو رۆژی رابردوودا لە یاریزانەکان نزیک نەبوو، بەو هۆیەوە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیشدا سێرافیم ئەنجێلیناس، یاریدەدەری راهێنەر قسەیکرد و سەرپەرشتی ئامادەکردنی تیپەکەی کرد بۆ یارییەکە.
سعودیە لە دوو یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەرامبەر هەردوو هەڵبژاردەی کوێت و عومان بەدەستهێناوە، تیپەکە لەو دوو یارییەدا چوار گۆڵی تۆمارکردووە و هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە، ئەمشەویش دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەی سێیەم تۆماربکات و بە خاڵی تەواوەوە وەکو پێشەنگی ریزبەند لە قۆناخی داهاتوو بێت.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی سعودیە، بەهۆی پێکانەوە حەسەن تەمبەکتی و حەسەن کادش بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
چاوەڕواندەکرێت لە یاریی بەرامبەر عێراق، سعودیە چەند گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەکەیدا بکات و خولەکی یارییکردن بداتە ئەو یاریزانانە کە کەمتر هەلی یارییکردنیان هەبووە.




