رووداو دیجیتاڵ
لامین یامال، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا و ئیسپانیا بەردەوامە لە جەختکردنەوە لەسەر خواستە بەرزەکانی. ئەو باوەڕێکی پتەوی دەربڕی کە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی کە بتوانێت رکابەری لەسەر خەڵاتی باڵۆندۆر بکات. جەختیشی لەوە کردەوە کە بردنەوەی نازناوی مۆندیال و سەرکەوتنەکانی دیکەی نەبووەتە هۆی کەمکردنەوەی خواستی بەدەستهێنانی زیاتر لەسەر ئاستی تاکەکەسی.
لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، لامین یامال باسی لە دیدگای خۆی کرد بۆ تۆپی پێ، بیرکردنەوەی لەناو یاریگادا، خواستە کەسییەکانی و ئەو ئەزموونانەی ژیانی کە کەسایەتی وکارەکتەری ئێستای پێبەخشیوە.
یامال: تا فیکەی کۆتایی چێژم دەبینی
ئه ستێره ی بارسێلۆنا باسی لە کەش و هەوای یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026ـی کرد و ئاماژه ی بەوەکرد که نەیدەویست یارییەکه بەخێرایی کۆتایی بێت. ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا بووین، من ویستم بەردەوام بێت، هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە، فیکەی کۆتایی لێبدرێت، چونکە چێژم لێی دەبینی".
هەروەها روونیکردەوە، یاریزانی باڵ وەک رۆبۆتێک وایە هەوڵی رێگریکردنم بدات، رۆبۆتەکان نزیکن لە کامڵ بوون، بەڵام مرۆڤەکان خاوەنی شتێکن کە رۆبۆتەکان نییانە. تۆپی پێ بووەتە میکانیکی، لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانانێک هەن ئەو شەڕانگێزییە تایبەتەیان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵدەدەم لەگەڵ یاریزانە رکابەرەکانم یاری بکەم و بۆیان قورس دەکەم کە بەشێوەیەکی میکانیکی مەمەڵەم لەگەڵ بکەن. ئاماژەی بۆرۆڵی خۆیشی کرد کە بووە هۆی ئەوەی فێران تۆرێس گۆڵەکەی بەرامبەر ئەرجەنتین لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 تۆماربکات.
وێنەی مێسی "ویستم لامین بم"
یامال باسی ئەو وێنە بەناوبانگەی کرد کە لە تەمەنی منداڵیدا شانبەشانی لیۆنێل مێسی پیشان دەدات. وێنەیەک کە بۆ ماوەی 17 ساڵ لەسەر داوای ئەو بە تایبەتی ماوەتەوە، بەڵام راشکاوانە دانی بەوەدا نا کە نایەوێت ئەو وێنەیە ببێتە سەرچاوەی بەراوردکاری بەردەوام.
ئەو گوتی "داوام لە باوکم کرد لە فەیسبووک بیسڕێتەوە، بەراوردکردن زۆر ئاسان بوو، منیش ویستم لامین بم؛ نەمدەویست مێسی بم".
یامال: ماوەیەکە شایەنی باڵۆندۆرم
یامال هیچ نهێنیەک لە ئارەزووە تاکەکەسییەکانی خۆی ناشارێتەوە و پێیوایە کاتی ئەوە هاتووە ئەو دانپێدانانە کەسییە وەربگرێت کە هەست دەکات شایەنییەتی.
ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەگەر راستگۆ بم، تەنیا ئەمساڵ نییە، ئەوە ماوەیەکی زۆرە بە ئاستێک یاری دەکەم کە شایەنی باڵۆندۆرم. هەمووان دەزانن کە من جۆرێکی جیاوازم لە یاریزانان".
ئەم قسانە رەنگدانەوەی خواستە بەرزەکانی ئەو یاریزانە تەمەن 19 ساڵەیە، کە لە تەمەنێکی ناوازەی بچووکدا وەک یەکێک لە ئەستێرە گەورەکانی تۆپی پێی جیهانی دەرکەوتووە.
رابردوویەکی سەخت: سەرچاوەی هێزی یامال
سەرەڕای سەرکەوتنی بێئەندازەی لە تەمەنێکی ئاوا بچووکدا، یامال جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەورەبوون لە گەڕەکی رۆکافۆندا یارمەتی داوە کە بە خاکەڕایی بمێنێتەوە و دیدگایەکی پێبەخشیوە بۆ ژیان کە لە ناوبانگ و تۆپی پێ تێدەپەڕێت.
ئەو لەو بارەیەوە گوتی "هیچ ترسێک لە تۆپی پێدا نییە. بینیم دایکم کۆشش دەکات بۆ ئەوەی بتوانم یاری بکەم، هەروەها بینیم باوکم پارچە ئاسنی لەسەر شەقامەکان کۆدەکردەوە تا بتوانم نان بخۆم. ئەوە ترسە. ئێستا، ئەگەر خێزانەکەم پێویستیان بە یارمەتی هەبێت، من لە دۆخێکدام کە بتوانم ئەو یارمەتییە دابین بکەم."
هەر لەبەر ئەم هۆکارەش یامال رەتیدەکاتەوە سەرکەوتن تووشی لەخۆباییبوونی بکات و دەڵێت "هەرگیز ناڵێم تۆ کێیت؟ من مۆندیالم بردووەتەوە، تەنیا کەسانی گەمژە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیان هەیە دەزانم تۆپی پێ تەنیا 0.000001%ـی ژیانە.
لە نێوان شەقامەکان و ئەکادیمیای بارسێلۆنادا
یامال شێوازی یاریکردنی وەک تێکەڵەیەک لەو تۆپی پێیە دەبینێت کە لە شەقامەکانی گەڕەکەکاندا فێری بووە و ئەوەی لە ئەکادیمیای بارسێلۆنا بەدەستیهێناوە.
روونیشی کردەوە: بارسێلۆنا زیرەکی کۆنتڕۆڵ و تۆپی پێت پێدەبەخشێت، لە پارکەکەدا هیچ زیرەکییەکی تاکتیکی نییە، تەنیا بەرامبەر بەرامبەرەکەت دەچیتە سەرەوە و دەگەڕێیتەوە، من خاوەنی هەردووکیانم.
لەکاتی بیرکردنەوە لە پەیوەندییەکەی بە یارییەکەوە لامین یامال گوتی "من بۆ پارە یاری ناکەم؛ بۆ چێژوەرگرتن یاری دەکەم. کاتێک تۆپەکەم دەستدەکەوێت و هەست دەکەم هاندەران لە کورسییەکانیانەوە هەڵدەستن، هەستدەکەم لە هەموو کەسێک بەهێزترم. هەست دەکەم وەک سوپەرمان یان سپایدەرمان وام".




