رووداو دیجیتاڵ
پاڵەوانی جیهان یەکەم یاریی لە نەیشنسلیگدا ئەنجامدەدات و دەیەوێت بەبردنەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە، کاتێک بەرامبەر ئینگلتەرا یاریی دەکات.
تیپەکە لویس دی لا فوێنتێ کاژێر 21:45 لە لەندەن لە یاریگای نێوداری وێمبڵی بەرامبەر ئینگلتەرا یاریی دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی یەکەم سێ خاڵە.
لیستی یاریزانانی ئیسپانیا لەگەڵ مۆندیالی رابردوو، گۆڕانکارییەکی وای بەخۆیەوە نەبینیووە و بەشی زۆری ئەو یاریزانانە بانگهێشتکراون کە لە مۆندیالدا سەرکردایەتیی تیپەکەیان کرد بۆ بردنەوەی نازناوی جامی جیهان.
ئیسپانیا لە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2024 بەرامبەر ئینگلتەرا یارییکرد و بە دوو گۆڵ و بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و بووە پاڵەوان.
لارۆخا هیچ پێکانێکی نییە و تیپەکە بۆ یەکەم یاریی نەیشنسلیگ ئامادەیە، دوای ئەم یارییە رۆژی سێشەممە لە سێڤییا یارییەکی دیکە ئەنجامدەدات و میوانداریی کرواتیا دەکات.
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، یەکەم یاریی لە نەیشنسلیگدا لە یاریگای خۆی ئەنجامدەدات و دەیەوێت بەبردنەوە رکابەرییەکە دەستپێبکات.
ئینگلاند لە وێمبڵی بەرامبەر ئیسپانیا یاریی دەکات، هەڵبژاردەکە دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی یەکەم بردنەوە تۆماربکات.
تۆماس تۆخێل، دوای ئەوەی هەریەکە لە ئەلیسکاندەر ئارنۆڵد و کۆڵ پالمەری بۆ مۆندیال بانگهێشت نەکرد، جارێکی دیکە ئەو دوو یاریزانەی بانگهێشتی تیپەکە کردەوە.
ئینگلتەرا لە مۆندیالی رابردوودا پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، ئەوە باشترین دەستکەوتی ئەوان بووە دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی.
تیپەکە لە کۆمەڵەی سییەم یاریی دەکات، دوای ئیسپانیا لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی چیک و پاشان بەرامبەر هەڵبژاردەی کرواتیا یاریی دەکات.



.jpg&w=3840&q=75)
