رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەکانی ئیسپانیا، باسیان لە پێکانەکەی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی ریال مەدرید کردووە، دڵەڕاوکەی خۆیان لەوە نەشاردووەتەوە کە بەشداریکردنی ئەو یاریزانە لە یاریی کلاسیکۆدا، هەڕەشەی لەسەر بێت.
کیلیان ئێمباپێ لە دوای تۆمارکردنی گۆڵی سەرکەوتنی فەرەنسا بەسەر تورکیا، لە گەڕی یەکەمی نەیشنسلیگ، بەپێکانەوە یاریگای بەجێهێشت، زینەدین زیدانی راهێنەری هەڵبژاردەکە لە دوای یارییەکە گوتی، هەواڵەکە خۆش نییە و کیلیان دەگەڕێتەوە مەدرید.
رۆژنامەی 'مارکا' ترسی خۆی لەوە پێشانداوە، پێکانەکەی کیلیان قورس بێت. رۆژنامەکە ئەوەی بەبیرهێناوەتەوە کە وەرزی رابردووش، ئەو یاریزانە هەمان کێشەی هەبوو.
کیلیان بەشداریی یارییەکانی داهاتووی فەرەنسا لە بەرامبەر بەلجیکا، ئیتاڵیا و جارێکی دیکە بەلجیکا ناکات.
رۆژنامەکە دەڵێ، پێکانەکەی ئێمباپێ لە ئەژنۆی چەپیەتی، هەمان ئەو شوێنەی وەرزی رابردوو تووشی پێکانبوو، کارەکەی بەلێکەوتەکانی 'ڤایرۆسی فیفا' ناوبردووە.
رۆژنامەکە دەڵێ، "لە کۆتاییدا ئەو لەسەر زەویی یاریگاکە راکشا، دەستی خستە سەر دەموچاوی، فەرەنسییەکان و زیزۆ، هەروەها هاندەرانی ریال مەدریدی تووشی دڵەڕاوکەیەکی گەورەکرد".
لای خۆیەوە، رۆژنامەی 'ئەی ئێس' دیمەنەکەی بە 'ئەشکەنجە' ناوبردووە، تیشکی خستووەتە سەر ئەژنۆی چەپی کیلیان و دەلێ، "جارێکی دیکە ئەژنۆی چەپ، ئەو ئەژنۆیەی وەرزی رابردوو زۆر کێشەی هەبوو. ئەو پێکانەی کە وەرزی رابردوو بوومەلەرزەیەکی گەورەی لە مەدرید دروستکرد، پاشئەوەی دەستنیشانکردنی جۆری پێکانەکە بەهەڵە کرا".
بەپێی ئەو رۆژنامەیە، "مەدرید هەست بەدڵەڕاوکە دەکات. کەس ناتوانێ قسە بکات و هەمووان چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکانی ئەمڕۆ دەکەن".
کیلیان، دووەم یاریزانی ریال مەدریدە لە گەڕی ئەمجارەی یاریی هەڵبژاردەکان دەکشێتەوە، پاشئەوەی پێشتر ئیبراهیما کۆناتێ بەهۆی پێکانەوە، بەهەمان شێوە لە کەمپی مەشقی فەرەنسا کشایەوە.
ریال مەدرید بەر لە دەستپێکردنی گەڕی یارییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمجارە، پێکرانی فیدریکۆ ڤاڵڤێردیشی راگەیاندبوو.
ئەو سەرچاوە رۆژنامەوانییانە، پرسیار لەبارەی ئامادەیی و نائامادەیی کیلیان دەکەن بۆ یاریی کلاسیکۆ، کە بڕیارە رۆژی 25ی مانگی داهاتوو، بارسێلۆنا و ریال مەدرید لەسەر یاریگای کامپ نو، کۆبکاتەوە.
بەهۆی دۆخی خراپی ریال مەدرید و دوو شکست لەسەرەتای وەرز و دوورکەوتنەوەی لە بارسێلۆنا بەجیاوازیی شەش خاڵ، ئامادەبوونی کیلیان لە یاریی کلاسیکۆدا، بایەخێکی زۆری بۆ ریال مەدرید دەبێت.


.jpg&w=3840&q=75)

