رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێک لەگەڵ یانەی مینا یەکسانبوو، دوای ئەوەی لە خولەکەکانی کۆتاییدا گۆڵی یەکسانبوونی لێکرایەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 8ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، رۆژی 18ـی مانگی 9ـی 2026 هەردوو یانەی مینا و دهۆک لەسەر یاریگەی فەیحا لە شاری بەسڕە رووبەڕووی یەکبوونەوە، نیوەی یەکەمی یارییەکە بەبێ گۆڵ بۆ هەردوولا کۆتاییهات.
لە گێمی دووەمدا، یاریزانانی دهۆک دەستپێشخەرییان کرد و لە خولەکی 74 لە رێگەی ئیگۆر هێنریکێ گۆڵی پێشکەوتنیان تۆمارکرد، بەڵام مینا خۆی بەدەستەوە نەدا و لە خولەکی 87 کەرار جەعفەر لە هێرشێکی نایابدا گۆڵی بەرامبەربوونی بۆ یانەکەی تۆمارکرد، یارییەکەش بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات.
بەم ئەنجامە، مینا ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 11 خاڵ لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکە دێت، لە بەرامبەردا دهۆک خاڵێکی بەدەستهێنا و بە 9 خاڵ لە پلەی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق مایەوە.




