رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئێوارەی سێشەممە لە یارییەکانی بژاردەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بەئەنجامی 4-0 لە یانەی عەینی ئیماراتی دۆڕا، یانەی نەسڕی سعودیە گورزێکی قورسی بەرکەوت.
پاڵەوانی خولی سعودیە ئاستێکی لاوازی پێشکەش کرد، لەکاتێکدا بەرامبەرەکەیان سوودی لە هەڵەکانیان وەرگرت بۆ ئەوەی سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی مسۆگەر بکات، ئەنجامێک کە چەندین قەیرانی لێکەوتەوە و گوشاری خستووەتە سەر تیپەکە لە سەرەتای وەرزدا.
کاریگەری ئەم شکستە لە چوار گۆڵەکە زیاتر بوو؛ نەسڕ بەدرێژایی یارییەکە نەیتوانی رێگای هەژاندنی تۆڕی رکابەرەکەی بدۆزێتەوە، ئەمەش وایکرد رووبەڕووی گوشارێکی زۆر ببنەوە سەبارەت بە ئاست و ئەنجامەکان، شانبەشانی داواکاری هاندەران بۆ گەڕانەوەیەکی خێرا لە یارییەکانی داهاتوودا.
ئێستا چوار قەیرانی گەورە لەناو ژووری جلگۆڕینی نەسڕ سەریان هەڵداوە دوای شکستە ەگورەکەی بەرامبەر یانەی عەین:
* متمانە لەدەستدان
ئەو دۆڕاندنە قورسە وایکردووە متمانەی هاندەران و ستافی راهێنەرایەتی و یاریزانان لاواز بکات. ئەنجامەکە پرسیاری جددی لەسەر کوالیتی و توانای رکابەریی تیپەکە دروستکرد، بەتایبەتی دوای دەستپێکردنی وەرزەکە، کە لە چاوەڕوانییەکان کەمتر بوو.
ئێستا ستافی راهێنەرایەتی لەژێر گوشاردایە بۆ ئەوەی بەخێرایی چارەسەری زیانەکانی شکستی 4-0 بکەن و کار لەسەر گەڕاندنەوەی ئارامی و متمانە بۆ پێکهاتەکە بکەن، چونکە بەردەوامبوونی ئەنجامە خراپەکان دەتوانێت تووڕەیی دەوروبەری تیپەکە زیاتر بکات.
* سیناریۆی ئاڵۆز لە قۆناخی کۆمەڵەکان
دۆڕاندنەکەی بەرامبەر عەین، یانەی نەسڕی لە دۆخێکی ناجێگیردا لەناو قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەجێهێشتووە، چونکە ئێستا ناچارە لە دۆڕاندنەکە بگەڕێتەوە و لە یارییەکانی داهاتوودا خۆی لە دابەزینی خاڵەکانی زیاتر بەدوور بگرێت. تیپەکە پێویستە بەخێرایی بگەڕێتەوە سەر رێگای بردنەوە بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لە ریزبەندیی خولەکەدا ئاڵۆز نەکات و ئاسۆی کێبڕکێی خۆی بپارێزێت و لە قۆناخەکانی داهاتوودا خۆی لە سیناریۆ بیرکارییە سەختەکان بەدوور بگرێت.
* گوشاری میدیا
دۆڕاندنەکە بە چوار گۆڵ گوشاری هاندەران و میدیاکانی لەسەر ستافی راهێنەرایەتی بەسەرکردایەتی ئەنج پۆستیکۆگلۆی راهێنەری ئوسترالی و یاریزانەکان چڕتر کردووەتەوە، بەتایبەتی بەو پێیەی دۆڕانەکە لە سەرەتای وەرزدا روویداوە و ئاستێکی تێدابووە کە نەیتوانیوە هاندەرانی تیپەکە رازی بکات.
هاندەرانی نەسڕ بەدوای وەڵامێکی روونن لە یارییەکانی داهاتوودا، سەبارەت بە هەردوو ئەنجام و ئاست، بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و تێپەڕاندنی کاریگەرییەکانی شکستە قورسەکەی بەرامبەر عەین.
* رۆناڵدۆ لەژێر کاریگەریی شکستدا
کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی بەشێک لە بارگرانی شکستەکەی هەڵدەگرێت وەک کاپتنی نەسڕ و یاریزانێکی سەرەکی، بەتایبەتی کە دۆڕاندن بە چوار گۆڵەکە گورزێکی دەروونی لە تەواوی پێکهاتەکە داوە.
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە پێویستە زۆر بەخێرایی سەرنجی خۆی بۆ رکابەرییەکانی داهاتووی ناوخۆیی وەربگرێتەوە و هەوڵبدات سەرکردایەتی یانەی نەسڕ بکات لە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی و زاڵبوون بەسەر کەوتنەخوارەوەی شکستە قورسەکەی بەرامبەر عەین.




