رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانی ڤێرجینیا فۆنسیکای کچە هاوڕێی ڤینیسیۆس جۆنیۆر و هاوژینەکەی لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر ماتۆڕسکیلێک کوژران، کە بە دوو کەسی نزیکی ڤینی دادەنرێن.
ڤێرجینیا فۆنسیکای خۆشەویستی ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدە، هەواڵێکی شۆکهێنەری پێگەیشت سەبارەت بە مردنی پاسەوانی تایبەتی خۆی، رۆجێریۆ کامیلۆ رامۆس و هاوژینەکەی، پاولا رێجینا رۆدارتێ کامیلۆ، دوای رووداوێکی ماتۆڕسکیل لە بەرازیل.
کارەساتەکە تەنیا چەند کاژێرێک دوای دەرکەوتنی ڤێرجینیا روویدا کە شانبەشانی ڤینیسیۆس جونیۆر لە کۆتایی هەفتەی پێشبڕکێی گەورەی فۆرمۆلا وەندا؛ دواتر لەڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام هەواڵەکەی راگەیاند.
ڤێرجینیا نووسیویەتی "هەواڵی کۆچی دوایی کامیلۆ، پاسەوانی تایبەتی ئێمە و هاوژینەکەیم پێگەیشت، لەوەتەی هەواڵەکەم بیستووە، نەمتوانیوە هیچ شتێکی دیکە بکەم؛ دڵم شکاوە".
بەپێی ماڵپەڕی رۆتا ڤێردێ گۆیاس، وەک ئەوەی لەلایەن مارکاەوە بڵاوکراوەتەوە، رووداوەکە لەسەر رێگای خێرای BR-060 لە ناوچەی ریبێیراو دا پۆسێ، لەناو شارەوانی گواپۆ لە ناوچەی گۆیانای گەورە روویداوە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی بەرازیل ئاماژەیان بەوە کردووە کە رووداوەکە لە شوێنی 201 کیلۆمەتری رێگای خێرا (بەرەو باشوور) روویداوە دوای ئەوەی ئەو ماتۆڕسکیلەی کە ئەو دوو هاوسەرە سواری بووە تووشی رووداوێک بووە.
رۆگێریۆ کامیلۆ رامۆس کە ماتۆڕسکیلەکەی لێخوڕیوە، لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە. هاوژینەکەی بەناوی پاولا رێجینا لە حاڵەتی وەستانی دڵ و هەناسەدان دۆزرایەوە؛ هەرچەندە یارمەتی فریاگوزاری لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە وەرگرتووە، بەڵام رزگاری نەبووە.
خۆشەویستەکەی ڤینیسیۆس جونیۆر بە پەیامێکی کاریگەر ماڵئاوایی لە پاسەوانەکەی و هاوژینەکەی ئەمەی دووەمیان کرد و سوپاسگوزاری قوڵی خۆی بۆ ئەو و ئەو رۆڵەی دەربڕی کە لە پاراستنی خێزانەکەیدا گێڕاوە.
ئەو نووسیویەتی "کامیلۆ، ئێمە بۆ هەمیشە سوپاسگوزار دەبین بۆ ئەو هەموو چاودێری و پاراستن و حیکمەت و پاکی و خۆشەویستییە بێئەندازەیەی کە هەمیشە بە خێزانەکەمانت بەخشیبوو. بوونی تۆ پەناگەیەکی سەلامەت بوو بۆ ئێمە، یادەوەریت بۆ هەمیشە لە دڵماندا دەژی".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڤێرجینیا فۆنسیکا دەڵێت "ژیان بەڕاستی تەنیا هەناسەیەکە زوو تێپەڕ دەبێت و لەم ساتەوەختەی خەمدا، وشەکان شکستمان پێدەهێنن، بەتایبەتی کاتێک رووبەڕووی ئەو شتانە دەبینەوە کە هەرگیز ناتوانین بەتەواوی لێی تێبگەین؛ هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە متمانەکردنمان بە ویستی خوا".
بێجگە لە ڤێرجینیا فۆنسیکا. ئەو دوو هاوژینە دوو کەسی نزیک لە ڤینیسیۆس جۆنیۆریش بوون و لە ماڵی ئەودا دەژیان.




