رووداو دیجیتاڵ
هەولێر لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک تووشی شکست هات بەرامبەر یانەی گەرەمە و یەکەم دۆڕانی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق تۆمارکرد.
لە درێژەی رکابەرییەکانی گەڕی 7ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئێوارەی رۆژی دووشەممە لەسەر یاریگەی فرانسۆ هەریری، یانەی هەولێر میوانداری یانەی گەرەمەی کرد و یارییەکە بە سەرکەوتنی یانەی میوان بە ئەنجامی 2-1 کۆتاییهات.
ئەمە یەکەم شکستی یانەی هەولێر بوو لەم وەرزەدا دوای دەستپێکێکی بەهێز، لە بەرامبەردا گەرەمە درێژەی بە زنجیرەی ئەنجامە باشەکانی دا و لە 7 گەڕی رابردوودا خاوەنی 5 بردنەوە و 2 یەکسانبوونە بەبێ هیچ دۆڕانێک.
بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنە، ژمارەی خاڵەکانی گەرەمەی گەیاندە 17 خاڵ و بە تەنیا چووە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە، لە بەرامبەردا هەولێر بە 14 خاڵ بۆ پلەی سێیەم پاشەکشەی کرد، لەدوای یانەی زاورا دێت خاوەنی 15 خاڵە.



