رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، سوپرایزێکی ناخۆشی لەلایەن هاندەرانی ریال مەدریدەوە وەرگرت؛ لە راپرسییەکدا کە رۆژنامەی مارکا، کە بنکەکەی لە مەدریدە ئەنجامدراوە، دەریدەخات لامین یامال پێشەنگی گرتووە لە کێبڕکێی باڵۆندۆری 2026.
مارکا سێ بژاردەی پێشکەش بە خوێنەران کرد بۆ هەڵبژاردنی ئەو یاریزانەی کە شایەنی خەڵاتەکە بێت: لامین یامال، کیلیان ئێمباپێ، یان 'یاریزانێکی دیکە'. ئەنجامەکان تاوەکو ئێستا سەرنجڕاکێشن: ئەستێرەی بارسێلۆنا 15 هەزار و 516 دەنگی بەدەستهێناوە (37%)، لەکاتێکدا ئێمباپێ 11 هەزار و 455 دەنگی بەدەستهێناوە (27%)، لەکاتێکدا بژاردەی 'یاریزانێکی دیکە' 14 هەزار و 795 دەنگی بەدەستهێناوە (36%).
بەمشێوەیە یامال بەجیاوازی 10 خاڵ لە پێش ئێمباپێ دایە. ئەنجامەکە سەرنجڕاکێشتر بووە بەو پێیەی راپرسییەکە لەلایەن رۆژنامەیەکەوە ئەنجامدراوە کە زۆرینەی هاندەرانی ریال مەدریدیان تێدایە.
ئەم دەرئەنجامە لەکاتێکدایە کە شەڕە قسەی نێوان هەردوو ئەستێرەکە دەستیپێکردووە، دوای راگەیاندنی روونی ئێمباپێ کە خۆی بە شایستەی خەڵاتی باڵۆندۆر دەزانێت.
ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید لەم دواییانەدا رایگەیاندبوو "هەستێکم هەیە ئەمە ساڵێکی باشە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ متمانەی بە چانسەکانی دوای ئەوەی وەرزێکی تاکەکەسی ناوازەی پێشکەشکرد.
لە بەرامبەردا یامال درێخی نەکرد لە دەربڕینی هەڵوێستی خۆی و جەختی لەوە کردەوە کە شایستەترین کاندیدە "پێموایە ئەمساڵ شایەنی ئەوەم بەهۆی ئەوەی سەرکەوتنم بەدەستهێناوە".
ئەستێرەی بارسێلۆنا شانازی بە دۆسێیەیەکی بەهێزەوە دەکات لەسەر بنەمای سەرکەوتنەکانی تیپەکەی بەدرێژایی وەرزەکە، لەکاتێکدا ئێمباپێ زیاتر پشت بە ئامارە تاکەکەسییەکانی خۆی دەبەستێت، داینامیکییەک کە بووەتە هۆی مشتومڕێکی بەرچاو لە بەراوردکردنی ئەو دووانە پێش راگەیاندنی براوە. لەکاتێکدا هێشتا خەڵاتەکە یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام راپرسییەکی مارکا پەیامێکی سەرنجڕاکێشی بۆ ئێمباپێ ناردووە: 37%ـی بەشداربووان یامالیان هەڵبژاردووە لەکاتێکدا تەنیا 27% بۆ ئەستێرە فەرەنسییەکە، ئەمەش رکابەریی نێوان ئەستێرەکانی بارسێلۆنا و ریال مەدرید زیاتر تووندتر دەکات لەپێش ئەو ساتەوەختە یەکلاکەرەوەیە.




