رووداو دیجیتاڵ
هێرشبەرێکی یانەی ئامەدسپۆر بەناوی گیفت ئۆربان، ئێستا لە دیارترین و باشترین هێرشبەرەکانی خولی تورکیایە و دەنگدانەوەیەکی زۆر گەورەی دروستکردووە، هەمووان ناوی ئەو دەزانن و دەزانن لە یانەی ئامەدسپۆر یاریی دەکات، بەڵام رەنگە وردەکاریی ژیانی ئەو یاریزانە نەزانن.
ئۆربان کێیە و چۆن دۆزراییەوە؟
گیفت ئیمانوێل ئۆربان، لە 17-7-2002 لە ویلایەتی بێنو لە ناوچەی باکووری ناوەڕاستی نەیجیریا لە دایکبووە.
باوکی ئۆربان نەیجیرییە و دایکی خەڵکی تۆگۆیە، ساڵی 2025 رۆژنامەی ئاتلێتیک راپۆرتێکی لەبارەی ئەو هێرشبەرەی ئامەدسپۆر بڵاوکردووەتەوە و لە سەرەتای راپۆرتەکەدا لەسەر زاری بەڕێوەبەری بەشی دۆزینەوەی بەهرەمەندان لە یانەی خێنتی بەلجیکی دەڵێت "ساڵێک پێش ئێستا لە یانەیەک یاریی دەکرد، دەبووایە بە گۆگڵ بەدوایدا بگەڕێی، بەڵام ئێستا بەشێوەیەکی شێتانە ئاستی بەرزبووەتەوە."
ئۆربان لە تۆگۆ و نەیجیریا گەورە بووە، یەکەمجار لە پاڵەوانێتییەکی نەیجیریا یارییکردووە و لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی ئاتا ئەنێکێی، کە بەڕێوەبەری یاریزانانە بەهرەکانی دۆزراوەتەوە و سەرنجی راکێشاوە.
لەو پاڵەوانێتییەی کە بۆ تیپە میللییەکان رێکخرابوو، ماوەکەی شەش رۆژ بوو و هەشت یانەی ئەورووپی چاودێریی یاریزانەکانیان دەکرد، بەڵام دوای تەنیا دوو رۆژ لە ئەنجامدانی یارییەکانی ئەو پاڵەوانێتییە، گیفت ئۆربان هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی ببرێتە ئەورووپا و پەرە بە تواناکانی بدرێت.
ئەنێکێ، پێشتر یاریزانی هاوشێوەی ئودیۆن ئیهالۆ، داترۆ فۆفانا و چەند یاریزانێکی دیکەی بردووەتە وڵاتانی ئەسکەندناڤیا و دەرگای بوون بە یاریزانی پیشگەری بۆ کردوونەتەوە.
ئەو لەبارەی ئۆربانەوە دەڵێت "هیچ پێویست نەبوو ئەو زیاتر لەوێ بمێنێتەوە، لە یەک یارییدا سێ گۆڵی تۆمارکرد، بەڵام بابەتە سەرەکییەکە تەنیا گۆڵکردن نەبوو، بەڵکو شێوازی گۆڵکردنی یاریزانەکە، متمانە بەخۆبوون و شێوازی لێدانەکانی سەرنجی راکێشام و راستەوخۆ زانیم، ئەمە یاریزانێکە دەتوانێت دوور بڕوات."
هاوشێوەی هەموو یاریزانە پیشەگەرەکانی دیکەی تۆپی پێ، رێگەی ئۆربانیش پڕبووە لە هەوراز و نشێو، دوای ئەوەی لە وڵاتەکەی رۆیشت چووە یانەی ستابێکی نەرویجی، هەرچەند ئەو سەرنجڕاکێش بوو، بەڵام بەتەواوی دوای خۆی نەسەلماند و یاریزانەکە گەڕایەوە نەیجیریا، بەڵام چەند مانگێک تێپەڕی و ئەنێکێ جارێکی دیکە لەلایەن یانەکەوە پەیوەندیی پێوەکرا و داوای ئۆربانیان کرد، بۆ ئەوەی لەگەڵ تیپی دووەمی ئەو یانەیە مەشق بکات و گەشە بە تواناکانی بدات، هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە یانەکە نەیتوانیووە هێرشبەرێکی گونجاو بۆ تیپی یەکەم بدۆزێتەوە.
ئەنێکێ دەڵێت: ئەگەر ئەو پێداچوونەوەیەی یانەکە نەبووایە، ئەگەری زۆر بوو ئۆربان ئەمڕۆ لە تۆپی پێی ئەوروپادا نەبێت.
لەوێوە، پابەندبوونێکی بێپچڕان ئەم مێرمنداڵە بەهرەمەندەی گەیاندووەتە ئەم ئاستەی ئێستای، لەگەڵ ئارەزوویەکی بێسنوور بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەوتن و گەشەکردن.
ئۆربان گەڕایەوە نەرویج و لەگەڵ یانەی ستابێک دەستی بە مەشق و راهێنان کرد، ساموێل کاردێناس، بەرپرسە لە دۆزینەوەی بەهرەی نوێ بۆ یانەی خێنتی بەلجیکی و لەبارەی ئەو یاریزانەوە دەڵێت "بەڕاستی یاریزانێکی ئاستبەرز و بیرتیژە، تەنیا 12 مانگ بوو لەو ئەورووپا یاریی دەکرد، ئەو باش دەخوات و باش دەخەوێت، دەزانێت چۆن مامەڵە بکات، ئامانجی دیاریکراوی خۆی هەیە و زۆر سەرسام بووم پێی."
ئەو بەڕێوەبەری یانەی خێنتی بەلجیکی زیاتر لەبارەی یاریزانەکەوە قسەیکرد و گوتی "دەیانزانی کە زۆر حەزی لە رکابەریکردنە، بەڵام دوای ئەوەی لە یەکدی نزیکبووینەوە و بەیەکەوە کارمانکرد، ئەو هێشتا لەوە باشترە کە چاوەڕێمان دەکرد، ئەو کەسێکە دەیەوێت هەموو شتێک بباتەوە، کاتێک نایباتەوە زۆر تووڕە دەبێت، ئەوەش شتێکی ئاساییە."
ئۆربان باڵایەکی بەرزی نییە و 173 سانتیمەترە، ئەمە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بۆشاییەکان بدۆزێتەوە و خۆی لە بەربەست رزگار بکات، جگە لەوەش خێرایە و لە تۆپی بەرز و لێدان بەسەریش نایابە، هەموو ئەمانە هۆکاربوون بۆ ئەوەی یانەی ستابێک بڕیاربدات یاریزانەکە بباتە تیپی یەکەمی یانەکەی، ئەمە لە ساڵی 2022 روویدا.
یاریزانەکە لەو یانە نەرویجییەدا بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوت و لە 2022-2023 توانیی لە 22 یاریی یانەکەیدا 16 گۆڵ تۆماربکات، توانای زۆری ئەو سەرنجی کاردێناسی راکێشا و هەر زوو هەوڵی گواستنەوەی یاریزانەکەیان دا بۆ یانەی خێنتی بەلجیکی.
کاردێناس دەڵێت "لە دەرەوەی ناوچەی سزا، گۆڵی ئاسان، بە قاچی چەپ، بە قاچی راست، بە یەک بەرکەوتن و بە دوو بەرکەوتن، بەلێدانی سەر، سوود وەرگرتن لە لێدانەکانی کۆڕنەر و هێرشی پێچەوانە، هەموو ئەمانە تایبەتمەندیی هێرشبەرە نەیجیرییەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت هاوکاریی هاوڕێکانی بکات و ئەسیست بکات."
دۆزەرەوەی بەهرەکانی ئۆربان لە یانەی خێنت زیاتر گوتی "ئەو لەڕووی جوڵەی نێو ناوچەی سزا راهێنانی پێنەکرابوو، بەڵام هەمیشە بڕواپێنەکراو بوو و هیچ کەموکوڕییەکی نەبوو، بۆیە بیرمان دەکردەوە ئەگەر راهێنانی بکردایە چۆن دەبوو؟"
خاوەنی خێراترین هاتریک لە مێژوودا
یاریزانەکە لە 2023 چووە یانەی خێنتی بەلجیکی، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا تواناکانی خۆی پێشانی هەموو بەلجیکادا و سەرنجی هەمووانی راکێشا، ئەو نەک تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەڵکو لەسەر ئاستی ئەورووپاش لەگەڵ ئەو یانەیە درەوشایەوە، لە کۆنفڕانسلیگدا بەرامبەر یانەی ئیستەنبوڵ باشاکشەهیر، کە یارییەکە لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو، ئۆربان هاتریکی لە یارییەکەدا تۆمارکرد و هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی یانەکەی بوو لەو یارییەدا بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک.
لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر تۆمارکردنی مێژوویەکی نوێ بوو بەناوی خۆیەوە کاتێک هاتریکەکەی لە ماوەی سێ خولەک و 20 چرکەدا تۆمارکرد و بووە خاوەنی خێراترین هاتریک لە مێژووی پاڵەوانێتیی یانەکانی ئەورووپا و گۆڵەکانی ئەو هۆکار بوون بۆ ئەوەی خێنت بۆ یەکەمجار لە دوای 31 ساڵ بگاتە قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکی ئەورووپا.
دروشانەوەی یاریزانە نەیجیرییەکە بەدرێسی یانەی خێنتەوە بۆ هەمووان جێگەی سەرنج بوو، هاوشێوەی جۆناسان دەیڤد و رۆمان یارێمچوک، ئەو یاریزانەش لەو یانەیەوە ناوی گەیشتە یانە گەورەکانی ئەورووپا.
لە ساڵی 2024 یاریزانەکە بەرامبەر 14 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی خێنتی بەلجیکییەوە چووە یانەی لیۆنی فەرەنسی، لەکاتێکدا دوو ساڵ پێش ئەوە نرخی یاریزانەکە تەنیا 100 هەزار یۆرۆ بوو و کەس نەیدەناسی.
لە یانەی لیۆنی هەلی زۆری بۆ یارییکردن نەبوو، بە دوو وەرز مانەوە لەو یانەیە بەشداریی لە 21 یارییدا کرد و 5 گۆڵی بەدرێسی یانەکەوە تۆمارکرد.
ساڵی 2025 یاریزانەکە لە یانەی لیۆنەوە بەرامبەر 9 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە یانەی هۆفێنهایمی ئەڵمانییەوە کرد، یاریزانەکە لە 13 یارییدا 4 گۆڵی بۆ هۆفێنهایم لە بوندێسلیگادا تۆمارکرد.
دوای ئەوە بەشێوەی خواستن پەیوەندیی بە یانەی هێلاس ڤیرۆنای ئیتاڵییەوە کرد و کاروانەکەی بردە سێری ئا، وەرزی رابردوو لە خولی ئیتاڵیا بوو و 7 گۆڵی لە 20 یارییدا بۆ یانەکە تۆمارکرد.
پەیوەندیکردنی ئۆربان بە ئامەدسپۆرەوە
ماوەی خواستنەکەی لەگەڵ هێلاس ڤیرۆنا لە 30-6-2026 کۆتاییهات، یاریزانەکە بووە ئامانجی سەرەکی یانەی ئامەدسپۆر، دوای ئەوەی یانەکە سەرکەوت بۆ سوپەرلیگ.
دوای هەوڵی زۆر، ئامەدسپۆر بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی یاریزانەکەی بەرامبەر 1 ملیۆن یۆرۆ و بەشێوەی خواستن بۆ یانەکەی راگەیاند.
یاریزانەکە لە هاویندا پەیوەندیی بە ئامەدسپۆرەوە کرد و لە بوردۆر چووە نێو کەمپی مەشقەکانی یانەکە و پێشوازیی لێکرا.
ئۆربان بە جولە جیاواز و سەماکەی هەر زوو سەرنجی هاندەرانی ئامەدسپۆری بۆ خۆی راکێشا و بووە یەکێک لە یاریزانە خۆشەویستەکانی ئەو یانەیە.
سوپەرلیگ دەستیپێکرد و هاندەران چاوەڕێ بوون بۆ ئەوەی ئۆربان لە یاریگەدا ببینن، لە یەکەم یاریی یانەکەدا بەرامبەر ئەرزوورم سپۆر ئەسیستێکی کرد و ئامەدسپۆر یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
لە یاریی دووەمدا ئامەدسپۆر بەرامبەر کۆجەلی سپۆر دۆڕا و ئۆربان و هاوڕێکانی هیچیان نەکرد.
لە گەڕی سێیەمدا کاتێک ئامەدسپۆر بەرامبەر ترابزۆن سپۆر یارییکرد، ئۆربان گۆڵێکی تۆمارکرد و یانەکەی بەرەو بردنەوەیەکی مێژوویی برد.
لە گەڕی چوارەمی سوپەرلیگدا، کاتێک ئامەدسپۆر بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لەگەڵ یانەی قاسم پاشا دواکەوت، لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا گیفت ئۆربان، بە دوو گۆڵ، ئامەدسپۆری لە دۆڕان رزگارکرد و ئەو دوو گۆڵە یاریزانەکەی هێندەی دیکە لای هاندەرانی کەسک و سوور خۆشەویست کرد.
باشاکشەهیر دەچێتە ئامەد و بەرامبەر ئامەدسپۆر یاریی دەکات، هەمووان پێیانوایە هاوشێوەی یارییەکەی ترابزۆن سپۆر ئەم یارییەش زەحمەتە و دەرچوون لێی بۆ ئامەدسپۆر ئاسان نییە.
یارییەکە دەستیپێکرد، پێش کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە باشاکشەهیر گۆڵێکی لە خۆیان کردەوە و ئامەدسپۆر پێشکەوت.
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، لە ماوەی 23 خولەکدا و لەنێوان خولەکی 52 بۆ 75 گیفت ئۆربان، هەمووانی لەنێو یاریگا و تۆپی پێی تورکیادا سەرسامکرد، کاتێک هاتریکی لە یارییەکەدا تۆمارکرد و ئامەدسپۆری بەرەو بردنەوەیەکی مێژوویی برد و یارییەکەیان بە 5-0 بردەوە.
گیفت ئۆربان، بووە ترێند و لە سۆشیاڵ میدیادا لەنێو هاندەرانی ئامەدسپۆر باس باسی ئەو یاریزانە نەیجیرییەکەی یانەکەی باکووری کوردستانە.
ئەمە یەکەمجار نییە ئۆربان هاتریک بەرامبەر باشاکشەهیر تۆمار دەکات، پێشتر بەدرێسی یانەی خێنتی بەلجیکییەوە خێراترین هاتریکی لە مێژووی کۆنفڕانسلیگدا بەرامبەر ئەو یانەیە تۆمارکردووە.
گیف ئۆربان، ئێستا تەمەنی 24 ساڵە، نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 7 ملیۆن یۆرۆ، لەگەڵ ئامەدسپۆر وەرزێکی دوور و درێژی لەبەردەمە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باش بکەن.



