رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر لەبەردەم یارییەکی گرنگ و سەرنجڕاکێشدایە و دەیەوێت درێژە بە ئاستبەرزی و ئەنجامە باشەکانی بدات بۆ ئەوەی پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق وەربگرێت.
یانەی هەولێر لە یاریی لووتکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، میوانداریی یانەی گەرمە دەکات و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، یارییەکە کاژێر 21:00 بەڕێوەدەچێت و راستەوخۆ لە یوتیوبی رووداو سپۆرتس دەگوازرێتەوە.
ئەمشەو لە دوایین یاریی گەڕی حەوتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە یاریگای فرانسۆ هەریری میوانداریی یانەی گەرمە دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی یارییەکی دیکە و بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکە.
ئیمپراتۆر لە باشترین کاتەکانیدایە، یاریزانەکانی بە ورەیەکی بەرزەوە ئامادەن و دەیانەوێت ئەمشەو بەبردنەوەی سێ خاڵی دیکە هاندەرانیان زیاتر دڵخۆش بکەن و بچنەوە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
زەردپۆشەکان لەم وەرزەدا بە ئاستە بەرزەکەیان هەمووانیان سەرسام کردووە، ئێستا هەر کێ بەرامبەر هەولێر یاریی دەکات، پێویستە هەزار و یەک حیسابات بکات و هەموو رێگەیەک بگرێتەبەر بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی باشەوە بچێتە دەرەوە.
یانەکە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوور لە چاوی میدیاکان، مەشق و راهێنانیان بۆ ئەم یارییە کردووە، هەمووان بۆ رکابەرییەکە ئامادەن، تەنیا هومام تارق، پێکانی هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
هەولێر بەهێزترین هێڵی بەرگریی هەیە
یانەی هەولێر خاوەنی بەهێزترین هێڵی بەرگرییە، لەم ورزەدا تاوەکو ئێستا لە شەش یارییدا تەنیا یەک گۆڵی لێکراوە، جگە لەوەش هیچ یارییەکی نەدۆراندووە و دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و شوێنی خۆی لە ریزبەندی خولەکەدا قایمتر بکات.
تیپەکە لە یەکەم یارییدا بەرامبەر کارەبا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و سەرهەنگ موحسین، باشترین ئاستی لە یارییەکەدا پێشکێشکرد و پارێزگاریی لە گۆڵەکەی کرد.
لە گەڕی دووەمی خولەکەدا، دوای ئەوەی یانەکە ناوی حوسێن حەسەنی وەکو گۆڵپارێزی نوێی یانەکە تۆمارکرد، ئەو گۆڵپارێزە بەشێوەی سەرەکی بەرامبەر جەوییە یارییکرد، هەولێر تاوەکو کاتی زیادکراو لەپێشەوە بوو، بەڵام لە خولەکی دووەمی کاتی زیادکراو هەولێر گۆڵی لێکرا و ئەوە بووە یەکەم گۆڵ لە ئیمپراتۆر بکرێت.
لە دوای ئەوە یانە کوردستانییەکە بەرامبەر لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە کەرخی بردەوە، پاشان سەرکەوتنی بەرامبەر مینا بەدەستهێنا و لەگەڵ شورتە یەکسانبوو، لە گەڕی رابردووشدا سەرکەوتنێکی دیکەی بەدەستهێنا و لە دیالەی بردەوە.
لە هەموو ئەو یارییانەدا هیچ گۆڵێک لە هەولێر نەکراوە و یانەکە لە دوای 6 گەڕ تەنیا یەک گۆڵی لێکراوە. دووەم بەهێزترین هێڵی بەرگری یانەی زەورایە و 3 گۆڵی لە خولەکەدا لێکراوە.
درەوشانەوەی ئاکۆ عوزێر و ئیبراهیم بایش
ئەوەی لەم وەرزەدا لەگەڵ ئاستبەرزیی هەولێر و ئەنجامە باشەکانی یانەکەدا بۆ هەمووان جێگەی دڵخۆشییە، ئاستی سێ یاریزانی یانەکەیە.
ئاکۆ عوزێر، ناوەڕاستکار و کاپتنی تیپەکەیە، هەولێرییە و بە درێسی ژمارە 6ـەوە ناوەڕاستی یانەکەی کۆنتڕۆڵ کردووە و لە هەموو یارییەکانی تیپەکەدا بەشێوەی سەرەکی یاریی دەکات.
یاریزانەکە ئێستا متمانەپێکراوترینی لوئەی سەڵاحە و هێرشەکانی تیپەکە لەو یاریزانە کوردەوە دەستپێدەکەن و ئێستا لە هەموو عێراق باس باسی ئەو یاریزانەیە.
ئیبراهیم بایش، ئەو یاریزانەیە کە لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا پەیوەندیی بە یانەی هەولێرەوە کرد، یاریزانەکە پێش هاتنی بۆ هەولێر قسەی زۆری لەبارەوە کرا و رەخنەی زۆری لێگیرا، بەڵام هەر کە درێسی هەولێری پۆشی گۆڕانکارییەکی زۆر لە ئاستی ئەو یاریزانەدا روویدا و ئێستا لە درەوشاوەترین یاریزانەکانی یانەی هەولێر و خولی ئەستێرەکانی عێراقە.
بایش لەو یارییانەدا کە تاوەکو ئێستا بەدرێسی زەردی هەولێرەوە ئەنجامیداون، 508 خولەک یارییکردووە، 2 گۆڵ و 2 ئەسیستی کردووە.
یاریزانێکی دیکەی ئاستبەرز، کە بۆ هاندەران ئیمپراتۆر مایەی دڵخۆشییە و چاوەڕوانییەکی زۆری لێدەکرێت، میولێن ناتان، هێرشبەری بەرازیلییە کە لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەکەوە کردووە و تاوەکو ئێستا 3 گۆڵی بەدرێسی یانەی هەولێرەوە تۆمارکردووە.
لوئەی سەڵاح، لەبارەی گەرمەوە چی گوت؟
لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی هەولێر پێش یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "لەڕاستیدا ئیدی ئاماژەکانی خول دەستیانپێکردووە و دەردەکەوێت کە هەندێک یانەی بەرەو قۆناخەکانی پێشەوە دەچن و هەندێکیان پاشەکشە دەکەن، یان قەبارەی راستەقینەیان دەردەکەوێت. گەرمە بە یەکێک لە بەهێزترین یان ئامادەترین ئەو تیپانە دادەنرێت کە رکابەری لەسەر نازناوەکە دەکەن بەهۆی ئەوەی لە قۆناخەکانی رابردوودا پێشکەشی کردووە، تیپێکی بەڕێزە، دەستەیەکی هونەری باشی هەیە، کوالیتی یاریزانەکانی باشە و سەقامگیرییەکی باشی هەیە و پشتیوانی کارگێڕی و دەوروبەری هەیە، پێموایە دیارترین یانەیە بۆ رکابەریکردن."
لوئەی بە رۆژنامەڤانانی گوت "هەردوو تیپ هەمان ژمارەی خاڵیان هەیە و نزیکین لەڕووی گۆڵکردنەوە لە یەکدی نزیکن. پێموایە ئەمڕۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی هونەری و هزرییە، رکابەریی یاریزانەکانی تێدایە، رکابەریی دەرەوەی یاریگای تێدایە، پێشبینی دەکەم جوانترین یاری خولەکە بێت، تیپەکەمان بە هێرشبەری یاری دەکات و ئەمە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی، ئەمە لایەنێکی ئەرێنییە. یارییەکە لە یاریگای خۆمانە و سوپاس بۆ خوا ئامادەین، گەیشتووینەتە قۆناخێکی باش کە متمانە بە یاریزانەکان هەیە بە دۆخی گشتی هەیە و هەولێر دەتوانێت رکابەری بکات. ئەم یارییە هیوادارین یاریی بەردەوام بوون بێت، کە بەڕاستی ئەگەر ئەم یارییە ببەینەوە زیاتر دەچینە پێشەوە، بۆیە خۆمان بەباشی بۆی ئامادە کردووە.
گەرمە، دەوڵەمەندترین یانەی عێراقە
یانەی گەرمە، ئێستا یەکێک لە دیارترین یانە وەرزشییەکانی عێراقە، خاوەنی پێکهاتەیەکی گرانبەهایە کە بەهاکەی دەگاتە 8.40 ملیۆن دۆلار و بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین یانەکانی عێراق دادەنرێت.
یانەکە خاوەنی پێکهاتەیەکی پڕ ئەستێرەیە، کە دیارترینیان ئامۆری فەیسەڵ، ئەحمەد مەکەنزی، فەهد تاڵب، ئەیوب مودن، هەڵۆ فایەق، محەممەد ئەبو حەشیش و چەندین یاریزانی دیکەی لێهاتووە.
جگە لەوەش یانەکە گرێبەستی لەگەڵ موئمن سلێمان، راهێنەری نێوداری میسری کردووە، کە یەکێکە لەو راهێنەرانەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەستێکی باڵای لە تۆپی پێی عێراقدا هەبووە و لەگەڵ یانەی شورتە سێجار نازناوی خولی عێراقی بەدەستهێناوە و ئێستا یەکێک لە باشترین راهێنەرەکانی خولەکەیە.
موئمن سلێمان، راهێنەری یانەی گەرمە، پێشتر وەکو راهێنەری شورتە هاتووەتە یاریگای هەولێر و بەرامبەر ئەو یانەیە دۆڕاوە، لەبارەی یارییەکەوە دەڵێت "بەرامبەر تیپێکی بەرێز یاریی دەکەین، یارییەکە زەحمەتە و ئامادەین، هەموو یاریزانەکانمان ئامادەن و بەدوای بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشدا دەگەڕێین بەرامبەر یانەی هەولێر."
گەرمە لەم وەرزەدا
یانەی گەرمە سەرەتای ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بە یەکسانبوون لەگەڵ یانەی موسڵ دەستپێکرد، دوای ئەوە سەرکەوتنی بەرامبەر شورتە بەدەستهێنا و موئمن سلێمان لە تیپی پێشووی بردەوە، پاشان جارێکی دیکە کەوتنە داوی یەکسانبوون لەگەڵ کارەبا دوو خاڵی دیکەیان لەدەستدا.
لە سێ یاریی رابردوودا یانەکە سەرکەوتنی بەرامبەر کەربەلا، دیالە و نەفت بەدەستهێناوە و ئەمجارە بەرامبەر هەولێر یاریی دەکات.
یانەی گەرمە لەم وەرزەدا 11 گۆڵی تۆمارکردووە و لە هەموو یارییەکانی ئەم وەرزەیدا گۆڵی کردووە، تیپەکە چوار گۆڵی لێکراوە و تەنیا دوو کلین شیتی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا هەیە.




