رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک لە گەڕی 6ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە یارییەکی پڕ گۆڵ و دراماتیکیدا بە دوو گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ بەرامبەر یانەی کەرخ تووشی شکست هات.
لە بەردەوامی یارییەکانی گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، رۆژی 13ـی مانگی 9ـی 2026 هەردوو یانەی دهۆک و کەرخ رووبەڕووی یەکبوونەوە.
لە سەرەتای یارییەکەوە دهۆک هەوڵی تۆمارکردنی گۆڵی دا و لە خولەکی 37 ئیگۆر هێنریکێ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ دهۆک تۆمارکرد، بەڵام لە کاتی زیادکراوی گێمی یەکەم و لە خولەکی 1+45 مامادۆ سۆرۆ گۆڵی یەکسانبوونی بۆ کەرخ هێنایە بەرهەم.
لە دەستپێکی گێمی دووەمدا، یانەی دهۆک لە رێگەی یونس حەموود لە خولەکی 49 گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و جارێکی دیکە پێشکەوت، بەڵام یانەی میوان گەڕایەوە نێو کەشی یارییەکە و لە خولەکی 63 مامادۆ سۆرۆ گۆڵی دووەمی خۆی و یەکسانبوونەوەی بۆ کەرخ تۆمارکرد.
هەوڵەکانی یانەی کەرخ بەردەوام بوون و لە خولەکی 82 ئیبراهیمە ئەندیا گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، یارییەکەش بە ئەنجامی 3-2 لە بەرژەوەندی کەرخ کۆتاییهات.




