رووداو دیجیتاڵ
سیسک فابریگاس، راهێنەری یانەی کۆمۆی ئیتاڵی، باسی نهێنییەکانی قەڵەمبازی گەورەی یانەکەی لە خولی ئیتاڵیا کردووە، ئاشکرایکردووە ئەو هەوڵدەدات بەشوێنپێی هەنگاوەکانی ئارسن ڤینگەری راهێنەری ئەفسانەیی ئارسیناڵدا هەنگاو هەڵبنێتەوە.
سیسک، لە هەنگاوێکدا کە رەنگدانەوەی گەشەی تاکتیکی و بینینی ئەوە بۆ تۆپی پێ، هەنگاو دەنێت بەئاراستەی دروستکردنی ناسنامەیەکی تایبەتی مەشقدان لەگەڵ یانەکەی.
سیسک لە کارەکەیدا پشت بە پاشخانێکی گەورەی کارکردن لەگەڵ چەندین راهێنەری لێهاتوو، لە ماوەی یارییکردنی لە یانە جیاوازەکان دەبەستێت. ئەو ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، کۆمۆی گەیاندە چامپیۆنزلیگ و لە یەکەم یاریشدا لە پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکە، لە لایپزیگی ئەڵمانیی بردەوە.
سیسک لە باسی کاریگەربوونی بەبیرکردنەوە و ستایلی کارکردنی ئەو راهێنەرانەی کاری لەگەڵدا کردوون، نایشارێتەوە کە کاریگەرە بە شێوازی هێرشبەریی سەرنجڕاکێش و ئەو زیرەکییەی ئارسن ڤینگەری فەرەنسی، لە مێشکی ئەودا چاندوویەتی.
فابریگاس لە چاوپێکەوتنێکدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەو راهێنەرەی کە پێیوایە زۆرترین کاریگەریی لەسەر شێوازی کارکردنی ئێستای ئەو داناوە، دەڵێ، "سوود لە هەموو ئەو راهێنەرانە وەردەگرم کە کارم لەگەڵدا کردوون، شتیان لێ دەگوازمەوە بۆ تیپەکەم، بەڵام ئەگەر کاریگەرترین ناو دەستنیشان بکەم، بەدڵنیاییەوە ئارسن ڤینگەر دەبێت".
ئەو راهێنەرە لاوە ئیسپانییە، باسی جیاوازیی وردەی کارکردنی خۆی و راهێنەرەکەی پێشووتری دەکات و دەڵێ، "ئەگەرچی ئێمە لەگەڵ ڤینگەر زۆر پشتمان بەکاری تاکتیکیی چڕ نەدەبەست، لە کاتێکدا من ئێستا وەک راهێنەر زیاتر لەو کاری لەسەردەکەم، بەڵام ئەو بلیمەتییەکی بێوێنەی هەبوو لە هەڵبژاردنی ئەو یاریزانانەی بۆ تیپەکەی دەگونجان و لەگەڵ فەلسەفەکانی ئەودا دەیانتوانی کاربکەن، یاریزانانی زیرەک کە دەیانزانی چۆن لە نێوان هێڵەکان ببڕن و هێرشبکەنە سەر رووبەرەکان، ئەوان لە یاریی تۆپی پێ، بەشێوەیەکی کامڵانە تێگەیشتبوون".
لەبارەی فەلسەفە و تاکتیکی یانەی کۆمۆوە کە فابریگاس مەشقی دەدات، ئەو دەڵێ، "ئێمە پشت بەکۆنترۆڵی تۆپ دەبەستین، بەڵام لەگەڵ یاریی ستوونیی راستەوخۆ بەئاراستەی گۆڵی تیپی بەرامبەر، دەمانەوێت بۆشایی پشتی بەرگریکارانی تیپی بەرامبەر بقۆزینەوە. ئێمە ئەگەر پشت بە گوشاری تووند ببەستین یان بەڕێکخراوی بەرگری بکەین، هەمان کاردەکەین و ئامانجەکەشمان هەر خوێندنەوەی گۆڕانکارییەکانی یارییەکەیە بەدرێژایی کاتی یارییەکە، لەگەڵ دۆزینەوەی بۆشایی و ئازاردانی رکابەرەکەمان".
فابریگاس کە گەشتی خۆی لەگەڵ کۆمۆ لە 2022 دەستپێکرد کاتێک وەک یاریزان پەیوەندی بەو یانەیەوە کرد و دواتر کاتێک وازی لە یارییکردن هێنا، چووە نێو دەستەی راهێنەرانی یانەکەوە، پێشەوایەتیی یانەکەی کرد بۆ گەیشتن بەخولی سێری ئای ئیتاڵیا.
فابریگاس زیاتر دەڵێ، هەوڵدەدەین ناسنامەی تایبەت و فەلسەفەی تایبەت بەخۆمان دروست بکەین و جێگیربین لەسەری. پێموایە ئەو ناسنامەیەی لە ئارسیناڵ هەمان بوو، زۆر کاریگەربوو، دەمانەوێت ئەوەندەی دەتوانین، لەسەر هەمان رێچکە رێ بکەین.




