رووداو دیجیتاڵ
نەیمار داسێلڤا بڕیاریداوە پێزانینی خۆی بۆ یانەی سانتۆس دەرببڕێت، ئەو یانەیەی کە ئەوی بەجیهان ناساند و گەیاندییە ئاستێکی زۆر بەرز.
ئەستێرە بەرازیلییە تەمەن 34 ساڵییەکە، رۆڵێکی ناوازەی لە یانەکە وەرگرتووە، بەوەش سنووری بوونی خۆی لە یانەکە، لە تەنیا یاریزانێک تێپەڕاندووە و بووەتە فریادڕەسی کارگێڕیی یانەکە.
لە دوای گەڕانەوەی بۆ یانەکەی پێشووی، لە مانگی یەکی ساڵی 2025ەوە، نەیمار کۆمەڵێک ئەرکی گرنگی بەرامبەر یانەکەی لە ئەستۆ گرتووە کە بووژانەی گەورەیان بەیانەکە بەخشیوە.
سانتۆس لە پلەی 13ی ریزبەندی خولی بەرازیلە و تەنیا حەوت خاڵ لە ناوچەی دابەزینەوە دوورە.
ئەستێرەکەی پێشووی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان، دەستەوسان بەرامبەر ئەوە رانەوەستاوە کە بەسەر یانەکەیدا هاتووە، بەتایبەت کە یانەکە بەبێبەشکردن لە گرێبەستی نوێ بۆ ماوەی سێ بازاڕی گواستنەوەی لەسەریەک، راگیراوە.
سزاکەی سەر سانتۆس، بەهۆی نەدانەوەی بڕی دوو ملیۆن یۆرۆ بوو بەیانەی مۆناکۆی فەرەنسی، بەهۆی گواستنەوەی جان لوکاس لە هاوینی 2023دا.
نەیمار لە رێگای کۆمپانیای 'ئێن ئار سپۆرتس'ی خۆیەوە، بڕی تەواوی پارەی قەرزەکەی یانەکەی داوەتەوە، سزای سەر یانەکە بەهۆی ئەو پارەیەوە لابراوە، کارەکەی بەرامبەر رێکلامکردن لەسەر درێسی یانەکە کردووە.
دوای گرێبەستەکەی نەیمار لەگەڵ سانتۆس بۆ دانەوەی قەرزەکە، مارکەی بازرگانیی پێلێی ئەفسانە خراونەتە سەر درێسەکانی یانەی سانتۆس. کۆمپانیاکەی نەیمار، سپۆنسەری مارکە بازرگانییەکەی پێلێی کۆچکردووە.
وێڕای دوورکەوتنەوەی لە یاریگاکان، بەهۆی پێکانی ئەژنۆیەوە کە لەسەرەتای ئەم مانگەدا و لە یاریی بەرامبەر پالمێراس لە چارەکی کۆتایی جامی بەرازیل تووشی بوو، نەیمار لە کارکردن لە پشتی پەردەوە بەردەوامە بۆ بەهێزکردنی یانەکەی، لە کاتێکدا هێشتا هەلی رکابەریکردن لەسەر نازناوی کۆپا سود ئەمێریکانای ماوە.
سانتۆس لەو جامەدا و لە یاریی نیوەی کۆتاییدا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مینیرۆ یارییدەکات لە یاریی گەڕانەوەدا، پاشئەوەی یاریی چوونی بەدوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
نەیمار لە هەنگاوێکی سەرنجڕاکێشدا، ئارسەر میلۆی هاونیشتمانیی تەمەن 30 ساڵانی رازیکرد، بەوەی پەیوەندی بەیانەکەوە بکات و رۆڵی هەبێت لە رزگارکردنی لە دابەزین.
نەیمار هەر بەوەندەوە نەوەستاوە، بەڵکو گرێبەستی لەگەڵ کۆتینیۆ کردووە کە مانگی دووی ئەمساڵ، گرێبەستی خۆی لەگەڵ فاسکۆ داگاما هەڵوەشاندەوە.
میدیای بەرازیل گوتوویانە، کۆتینیۆ لەسەرەتادا بەچوونە سانتۆس رازی نەبووە، بەڵام نەیمار رازی کردووە و ئەو یاریزانە بەمنزیکانە بەدرێسی سانتۆسەوە دەردەکەوێت.




