رووداو دیجیتاڵ
ئامەدسپۆر یارییەکی گرنگ و سەرنجڕاکێشی هەیە و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی سوپەرلیگ، ئەمشەو کاژێر 20:00 لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا، یانەی ئامەدسپۆر میوانداریی یانەی ئیستەنبوڵ باشاکشەهیر دەکات و دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی دیکە بکات.
کەسک و سوور لە سەرەتای ئەم وەرزەوە بە ئاستێکی باشەوە دەرکەوتووە و ئەنجامی باشیشی بەدەستهێناون، تیپەکە لە چوار یاریی رابردوودا دوو بردنەوە و یەکسانبوونێک، لەگەڵ دۆڕانێکی هەیە و ئەمشەو دەیەوێت بەبردنەوەی لە باشاکشەهیر سێیەم بردنەوە تۆماربکات و ژمارەی خاڵەکانی بەرزتر بکاتەوە.
دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا بە دوو گۆڵ سەرکردایەتیی تیپەکەی کرد و رێگەی نەدا ئامەدسپۆر بەرامبەر قاسم پاشا بدۆڕێت، چاوەڕواندەکرێت ئەمشەو گیفت ئوربان بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا بکات و سەرکردایەتیی هێڵی پێشەوەی پێکهاتەی ئامەدسپۆر بکات.
لە ماوەیەکی زۆر کەمدا سەرجەم بلیتەکانی ئەم یارییە فرۆشران، ئەمشەو جارێکی دیکە یاریگای ئامەدسپۆر پڕ دەبێت لە هاندەر و تیپەکە ئامادەیە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکە بکات.
لە دوای گەڕانەوەیان لە ئیستەنبوڵ و دوای یەکسانبوونیان لەگەڵ قاسم پاشا، ئامەدسپۆر ئامادەکارییەکی زۆری کردووە و تیپەکەی بەسنک هاسی چاوی لە بردنەوەیە.
پێش یارییەکە ئامەدسپۆر لە پلاتفۆرمە فەرمییەکانی خۆیدا ڤیدیۆی یاریزانان و هاندەرانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "لە ماڵی خۆمان یەکدی دەبینین."




