رووداو دیجیتاڵ
دایانا یاستریمسکا، خانمە تێنسزانی ئۆکراینی رایگەیاندووە، ماڵەکەی لە شاری ئۆدیسای ئۆکراینا بەهۆی مووشەکێکی رووسییەوە، بەتەواوی وێران بووە.
ئەو تێنسزانە، وێنە و ڤیدیۆی ماڵە ئاگرتێبەربووەکەی خۆی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، "ئەوە ئەنجامی جیهانەکەی رووسیایە، بەمووشەکێکی راستەوخۆی کرووز لە جۆری کالیبەر، ماڵەکەمی پێکاوە".
ئەو زیاتر دەڵێ، تاکە شتی رزگاربوو لە وێرانبوونی ماڵەکەم، خاولییەکی پاڵەوانێتیی رۆلان گارۆسە، "بەشێک لە جیهانەکەی من لە تێنسدا لە هێرشی مووشەکەکەی رووسیا رزگاری بوو، بەڵام ماڵەکەمان نا".
یاستریمسکا، پەیامێکی ئاراستەی دەستەی یاریزانە پیشەگەرەکانی تێنس و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تێنس ناردووە و دەڵێ، "بەچاوەکانی خۆتان وێنەکان ببین، ئەمە مانای راستەقینەی بێلایەنیی ئێوەیە بەرامبەر ئۆکراینا لە یاریگاکاندا".
پەیامەکەی ئەو خانمە تێنسزانە، توانجدانە لە بڕیاری بەشداریکردنی تێنسزانە رووسییەکان لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان، لە ژێر ناوی، تێنسزانی بێلایەن'.
یاستریمسکا، لە ریزبەندی 113ی تێنسزانانی جیهان بوو، لە ماوەی رابردوودا لە گەڕی یەکەمی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکا لە نیویۆرک دۆڕا.
پێشتر ئیلینا سڤیتۆلینای تێنسزانی ئۆکراینی ئاشکرایکردبوو، بەهۆی هێرشی رووسیاوە بۆ سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا، یاریگای یانەی پادڵەکەی، زیانی زۆری بەرکەوتووە و بەشێکی وێران بووە.




