رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک لە بەغدایە و چاوی لە تۆمارکردنی دووەم بردنەوەیە لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا.
دهۆک لە رکابەرییەکانی گەڕی حەوتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاژێر 21:00 لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی کەرخ یاریی دەکات و دەیەوێت ئەنجامەکانی باشتر بکات و دووەم سەرکەوتن لەم وەرزەی خولەکەدا بەدەستبهێنێت.
ئەلهویێن چیا دوێنێ دوایین ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و تیپەکە بە رۆحیەتێکی بەرزەوە ئامادەیە بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە.
دهۆک لەم وەرزەدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، بەڵام خاوەنی زۆرترین یەکسانبوونە و پێنج جار یەکسانبووە، تیپەکە تەنیا یەک بردنەوەی هەیە و چاوی لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکەیە.
ئەم یارییە تایبەت و سەرنجڕاکێش دەبێت، کاتێک یانیک زاکیری، یاریزانی یانەی کەرخ، بەرامبەر یانەی پێشووی یاریی دەکات و یونس حەموود، هێرشبەری یانەی دهۆکیش رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە.
کەرخ لە دۆخێکی باشدا نییە، تیپەکە لە شەش یاریی رابردوودا پێنج یاریی دۆڕاندووە و لە یارییەکدا یەکسانبووە، دەیەوێت سوود لە یاریگاکەی وەربگرێت بۆ ئەوەی یەکەم بردنەوە لەم وەرزەدا تۆمار بکات.




