رووداو دیجیتاڵ
یانەی باتمان پەترۆلپسۆری باکووری کوردستان، دەیەوێت درێژە بەبردنەوەکانی بدات و شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا بەهێزتر بکات.
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی حەوتەمی خولەکەدا، کاژێر 20:00 یانەی باتمان پەترۆلسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر بۆدروم سپۆر یاریی دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە.
یانەکەی باکووری کوردستان باشترین تیپی خولی پلە یەکی تورکیایە تاوەکو ئێستا و لە شەش یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، بە پێنج بردنەوە و یەکسانبوونێک شازدە خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە.
جگە لەوەش تیپەکە خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە لەم وەرزەدا و تاوەکو 14 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمشەو تیپە دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بەهێزتر بکات.
یانەی بۆدروم سپۆر لە دۆخێکی خراپدایە، لە شەش گەڕی رابردوودا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، چوار جار یەکسانبووە و دوو یاریی دۆڕاندووە، تیپەکە لە پلەی شازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.




