رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بکاتەوە، کاتێک بەرامبەر یانەی رایۆ ڤایکانۆ یاریی دەکات.
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی لالیگادا، یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا بەرامبەر رایۆ ڤایکانۆ یاریی دەکات و دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بەرامبەر یانەی ریال بێتیس بکاتەوە.
جۆزێ مۆرینیۆ و تیپەکەی ئامادەن، دوای ئەوەی لە یەکەم یاریی چامپیۆنزلیگدا بەبردنەوە لە ئینتەرمیلان چوونە نێو رکابەرییەکە و دەیانەوێت بردنەوەیەکی دیکە لەسەر ئاستی ناوخۆ تۆماربکەن.
هەریەکە لە ئێدێر مێلێتاو، فێرلان مێندی و رۆدریگۆ پێکانیان هەیە و ریال مەدرید سوود لە تواناکانیان وەرناگرێت.
لۆس بلانکۆس رۆژی هەینی دوایین مەشقەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و دەیەوێت چوارەم بردنەوە لە خولەکەدا تۆماربکات، رایۆ ڤایکانۆ تاوەکو ئێستا یەک بردنەوەی تۆمارکردووە و خاوەنی چوار خاڵە و لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی لالیگایە.
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی رۆژی هەینی لەبارەی یارییەکەوە گوتی "ڤینیسیۆس وەکو دارێکی بە بەرهەمە و خەڵک بەردی تێدەگرێت، چونکە بەرهەمەکەیان دەوێت، ئەوان باشترینی ڤینیسیۆسیان دەوێت بۆیە رەخنەی لێدەگرن، هێشتا ماوە بۆ ئەوەی باشترین ڤینیسیۆس ببینین."
ریال مەدرید لە مێژوودا 48 یاریی بەرامبەر رایۆ ڤایکانۆ لە لالیگادا ئەنجامداوە، 34 یاریی بردووەتەوە، تەنیا 7 جار دۆڕاوە و 7 جار یەکسانبوون، لۆس بلانکۆس 121 گۆڵی تۆمارکردووە و 49 گۆڵی لێکراوە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، چاوەڕواندەکرێت ئێندریک لە یارییەکەی بەرامبەر رایۆ ڤایکانۆ بگەڕێتەوە و 10 بۆ 15 خولەک یاریی بکات.




