رووداو دیجیتاڵ
دوای رۆیشتنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هانزی فلیک بە گۆڕینی شوێنی رافینیا بۆ هێرشبەری سەرەڕم، چارەسەرێکی بۆ بۆشایی هێڵی هێرشبردنی یانەکە دۆزیوەتەوە و یاریزانە بەرازیلییەکەش بە ئاستێکی بەرز وەڵامی متمانەکەی داوەتەوە.
بارسێلۆنا لە سەرەتای وەرزدا دووچاری ئاڵنگارییەکی گەورە بووەوە، کاتێک گرێبەستی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە مانگی 6 کۆتاییهات و فێران تۆرێسیش لە ناوەڕاستی مانگی 8 بۆ پاریس سانجێرمان فرۆشرا، بەمەش یانەکە بێ هێرشبەری کلاسیکی ژمارە 9 مایەوە. هەوڵەکانی یانەکەش بۆ گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز لە ئاتلێتیکۆ مەدرید سەرکەوتوو نەبوون.
لەنێو ئەو نیگەرانیانەدا، هانزی فلیک راهێنەری بارسێلۆنا بڕیارێکی چارەنووسسازیدا و رافینیای تەمەن 29 ساڵی لە باڵی چەپەوە بۆ ناوەندی هێڵی هێرشبردن گواستەوە. یاریزانە بەرازیلییەکە لە یاریی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر فاینۆرد، توانی دوو گۆڵ تۆماربکات و ئاستێکی بەرزی لەو بردنەوە 5-1 ـەی یانەکەیدا پێشکێشکرد، بەوەش وەڵامی گومانەکانی دایەوە.
رافینیا هاوینی 2022 لە یانەی لیدز یونایتدەوە پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد، لە سەرەتادا لەژێر سێبەری عوسمان دێمبێلێ بوو، دواتریش بەهۆی درەوشانەوەی لامين یامال ئازادی یارییکردنی بەشێوەیەکی پێویست نەبوو. دواتر لەسەر داوای چاڤی و پاشان هانزی فلیک بۆ باڵی چەپ گواسترایەوە و وەرزی رابردوو بە تۆمارکردنی 34 گۆڵ و دروستکردنی 26 گۆڵی دیکە، رۆڵێکی سەرەکی لە بردنەوەی سێ نازناوی ناوخۆیی و گەیشتنی یانەکەی بە نیوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بینی، بەهۆیەوە لە خەڵاتی باڵۆندۆری 2025 پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا.
پێش دەستپێکردنی ئەم وەرزە، فلیک نیشانەی کاپتنی بەخشییە رافینیا. سەرەڕای ناونەبوونی لە لیستی 30 بەربژێرەکەی باڵۆندۆری 2026، فلیک دوای یارییەکەی فاینۆرد پشتگیریی خۆی بۆ دووپاتکردەوە و گوتی "ئەو زۆر لەوە باشترە لەو لیستەدا نەبێت، بەڵام ئێمە ناتوانین ئەوە بگۆڕین".
ئێستا بارسێلۆنا متمانەی تەواوی بە تواناکانی یاریزانە بەرازیلییەکە هەیە بۆ ئەوەی لەو شوێنە نوێیەدا سەرکردایەتی هێڵی هێرشبردنی یانەکە بکات.




