رووداو دیجیتاڵ
سێ یاریزانی کورد بۆ یارییەکانی جامی کەنداو، بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق دەکرێن و گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەکە بە تواناکانیان سەرسامە.
رۆژی 23ـی ئەم مانگە جامی کەنداو دەستپێدەکات، هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانێتییەکە بەشدارە و لە کۆمەڵەی یەکەمدا بەرامبەر عومان، کوێت و سعودیە یاریی دەکات.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو سپۆرتس، یەکێک لەو یاریزانانەی بۆ یارییەکانی جامی کەنداو بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق دەکرێت ئاکۆ عوزێرە، کاپتن و ناوەڕاستکاری یانەی هەولێر.
زیاتر لە جارێک گراهام ئارنۆڵد و دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکانی هەولێردا ئامادەبوون و چاودێریی ئەو یاریزانەیان کردووە.
یەکێک لە یاریدەدەرەکانی گراهام ئارنۆڵد، قسەی لەگەڵ ئاکۆ عوزێر کردووە و پێیگوتووە ئاگاداری خۆت بە لە پێکان و ئەمەش وەکو ئاماژەیەک کە ناوی ئەو یاریزانە لە لیستی هەڵبژاردەی عێراقدا دەبێت.
حوسێن حەسەن، گۆڵپارێزی یانەی هەولێر یەکێکی دیکەیە لەو ناوانەی کە چاوەڕواندەکرێت ناوی لە لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکاندا بێت و دەستەی راهێنەران پرسیاری ئەو گۆڵپارێزەشیان کردووە.
یەکێکی دیکە لەو یاریزانانە، ئەحمەد زێرۆ، یاریزانی کوردی یانەی شورتەیە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی داوای پاسپۆرتی یاریزانەکەی کردووە و بە ئەگەری زۆرەوە ناوی لە لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقدا دەبێت بۆ یارییەکانی جامی کەنداو.
ئەحمەد زێرۆ، لە یانەی شورتە یاریی دەکات، لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق 6 یاریی بەشێوەی سەرەکی ئەنجامداوە و لە سەرجەم خولەکەکانی یارییەکانی ئەو تیپەدا یارییکردووە و زیاتر لە 540 خولەک یارییکردووە.
محەممەد دلاوەر، ئەستێرەی کورد و کاپتنی یانەی نەورۆز، یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی ناوی لە لیستی راهێنەرەکەی عێراقدایە و ماوەیەکی زۆرە چاودێریی دەکرێت.
یاریزانەکە لەڕووی بەرگری و هێرشبەرییەوە بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت و ماوەیەکی زۆرە لەنێو میدیا و شرۆڤەکارانی وەرزشیدا باس لەوە دەکرێت کە یاریزانەکە شایستەی ئەوەیە لە هەڵبژاردەی عێراق یاریی بکات.
دلاوەر کاپتنی نەورۆزە و لە هەموو یارییەکانی یانەکەدا بەشێوەی سەرەکی یاریی دەکات و لە یەکەم یاریی ئەم وەرزەدا بەرامبەر یانەی جەوییە گۆڵێکی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.




