رووداو دیجیتاڵ
لویس دی لافوێنتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا و براوەی مۆندیالی 2026، ئاشکرایکردووە لە کاتی وەرگرتنی میدالیای پلەی یەکەم جیهان، لە دوای بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییە جیهانییەکە، گفتوگۆیەکی کورت و سەرنجڕاکێشی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەبووە.
دی لافوێنتێ، پێشەوایەتیی ئیسپانیای کرد بۆ بەدەستهێنانی دووەم نازناوی مۆندیال لە مێژووی خۆیدا، پاشئەوەی لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییە جیهانییەکە، بەگۆڵێکی بێبەرامبەر، لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی بردەوە.
دی لافوێنتێ، ئاشکرایکردووە لاوازیی ئەو لە زمانی ئینگلیزیدا وایکردووە، لە چەند رستەیەکی قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا تێنەگات.
دی لافوێنتێ، لە رێوڕەسمی وەرگرتنی میدالیا و جامی جیهانیدا، چووە سەر ستەیجی نازناوەکە و لەگەڵ یاریزانەکانیدا لەلایەن جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، میدالیای زێڕی پاڵەوانی جیهانی وەرگرت.
دی لافوێنتێ، لە نوێترین لێدواندا لەسەر ئەزموونی خۆی لە مۆندیال و ناساندنی کتێبەکەی بەناوی "ژیان هەموو رۆژێک مەشقی بۆ دەکرێت"، باسی ساتەکانی چوونە سەر ستەیج و وەرگرتنی میدالیای زێڕینی کردووە.
ئەو راهێنەرە 65 ساڵانە، دەڵێ "کاتێک چوومە سەر ستەیجەکە بۆ وەرگرتنی میدالیای زێڕینی پاڵەوانێتییەکە، ترەمپ بەپێکەنینەوە پێی گوتم، تۆ شایستەی باڵۆندۆریت، بەڵام دواتر شتێکی دیکەی گوت و لەبەرئەوەی ئینگلیزییەکەی من باش نییە، لێی تێنەگەیشتم و تەنیا گوتم زۆر سوپاستدەکەم".
لەبارەی دەستتێوەردانی ترەمپ لە راگرتنی کارتە سوورەکەی بالۆگۆنی یاریزانی هەڵبژاردەکەی لە کاتی مۆندیالدا، کە ئەوکات هەڵایەکی گەورەی لێکەوتەوە، راهێنەری ئیسپانیا دەڵێ، "تۆپی پێ دەبێ خۆی بڕیار لەبارەی خۆیەوە بدات، بەبێئەوەی هیچ کەسێک لە دەرەوە دەستتێوەردانی بکات، نابێ فیفا بکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ کەسێکەوە".
دی لافوێنتێ، کە ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا خۆی بۆ گەڕی داهاتووی یارییەکانی فیفا دەی ئامادە دەکات، باسی ئەوەی کردووە، رۆدری یاریزانی هەڵبژاردەکەی، شیاوترینە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆر.




