رووداو دیجیتال
یانەی هەولێر دوای پێشکەشکردنی ئەو ئاستە بەرزەی لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق، رۆژێک پشوودانی دایە دەستەی راهێنەران و یاریزانانی و هەریەکەیان پشووەکەی بەشێوەیەکی جیاواز بەرسەربرد.
بەشێکی زۆری یاریزانەکان و دەستەی راهێنەران کاتەکەیان بە دەرفەتێکی باش زانی بۆ ئەوەی خۆشترین سات لەگەڵ ماڵبات و هاوژینەکانیان بەسەرببەن، هەڵگورد مەلا محەممەد، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر دوای دەستپێکردنی یارییەکان زۆربەی کاتەکانی بە ئامادەکردنی تیپەکە و خوێندنەوەی یانەکانی رکابەرییان بەسەربرد، ئەو پشووە دەرفەت بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوژین و منداڵەکەی بچێتە یەکێک لە رێستۆرانتەکانی هەولێر و نانێک لە دەرەوە بخۆن و دواتر منداڵەکانی بردە شوێنێکی گەشتیاری ناو شاری هەولێر.
هەڵگورد مەلا محەممەد، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "ئەرکمان ئاسان نییە و ئەنجامە باشەکان بە ماندووبوون و شەونخونی بەدەستهاتوون، لەوەتەی خول دەستیپێکردووە ژیانمان هەمووی بووەتە گەشتی شارەکانی عێراق و یاریگەکان، کەمترین کات لەگەڵ ماڵباتەکانمانین، ئەو پشووە دەرفەت بوو بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە کوبینەوە و کاتێکی خۆش بەسەر ببەین".
شوبر عەلی، ئەو ئەستێرە عەرەبەیە کە خەڵکی شاری نەجەفە و دوای سێ مانگ دووری لە ماڵباتەکەی، دوێنێ دایک و باوکی و خوشک و براکانی گەشتی هەولێریان کرد و ئیدی ئەو بەرگریکارەی درێس زەردەکان، کە لە یاریی رابردوو گۆڵی یەکەمی تیپەکەی تۆمارکرد خۆشییەکان دوو هێندە بوو، بۆیە هەموو کاتەکانی لەو باڵەخانەیە بەسەربرد کە لێی دەژی.
شوبر عەلی، لەبارەی هاتنی ماڵباتەکەی لە نەجەفەوە بۆ هەولێر و بوونی ئەوان لەگەڵی روونیکردەوە "دوای ئەوەی لە مانگی حەوتی ئەمساڵ هاتم گرێبەستم لەگەڵ یانەی هەولێر واژۆکرد زۆر دووربووم لە دایکم و ماڵباتەکەم، ئێستا بۆ من کاتێکی زۆر خۆشە کە لەگەڵ ئەوان کاتەکانم بەسەر دەبەم، تەنانەت دوێنێ ئامادە نەبووم یەک خولەک لە ماڵەکەم دوور بکەومەوە".
هەر کەسێک شارەزایی شارۆچکەی عەنکاوە بێت یان وەرزشڤانێکی دێرین بێت، رێستۆرانتەکەی قابیل مستەفا، وەرزشڤانی دێرین و باوکی مستەفای بەهرەمەندی یانەی هەولێر پێدەزانێت، کە ئێواران بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆری هەوادارانی یانەی هەولێر و ئەستێرەکانی ئێستا و پێشووی یانەکە.
مستەفا قابیل، دوای وەرگرتنی پشوویەکی باش لە ماڵەوە، پیاسەیەکی عەنکاوەی کرد، ئەو شارۆچکەیەی لێی لەدایکبووە و هەموو ژیانی لەوێ بەسەربردووە، لامینەکەی هەولێر چووە رێستۆرانتەکەی باوکی و کاتێکی خۆشی لەگەڵ باوکی و هاوڕێکانی منداڵی وەرگرت.
سەرهەنگ موحسین، کاپتنی یانەی هەولێر ئەمجارە گەشتکردنی تەنیا نەبوو، لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی چووە نێو سروشتی جوانی شەقڵاوە و تا ئێوارەیەکی درەنگ چێژێکی خۆشیان لە بناری سەفین وەرگرت.
ئەوس ئیبراهیم، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر کە چەند رۆژێکە باوکی کۆچی دوایکردووە، لە بەغدا بوو بۆ ئەوەی پێشوازی لەو خەڵکە بکات کە دێنە ماڵیان بۆ ئەوەی سەرەخۆشیان لێبکەن.
لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی هەولێر کە فەریزەی حەجی کردووە و کەسە نزیکەکانی بە حاجی لوئەی بانگی دەکەن، ئەو کاتانەی پشووە زیاتر سەرقاڵی نوێژ و قورئان خوێندنە، دواتر کاتەکانی بۆ هاوژین و منداڵەکانی تەرخان دەکات.
یانەی هەولێر وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە، تیپەکە چوار بردنەوە و دوو یەکسانبوونی هەیە و خاوەن 14 خاڵە رکابەری پێشەنگی ریزبەندی دەکات، دووشەممەی داهاتوو لە یاریی لووتکەدا میوانداریی یانەی گەرمەی رکابەری دەکات کە هەمان هەڵوێستی لە ریزبەندی هەیە.
ئیمپڕاتۆر دوای تەواوبوونی پشووە کورتەکەی بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە مەشقەکانی دەستپێبکاتەوە، پلانی ئەوەش هەیە لە کاتی وەستانی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەهۆی یارییەکانی جامی کەنداو، هەولێر کەمپێکی راهێنان لە شاری بەغدا یان لە پیرمام بکاتەوە.




