رووداو دیجیتاڵ
ئیبراهیم دۆغوش، کارساز و سیاسەتمەداری ناسراوی کورد لە بەریتانیا، لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا درێسی یانەی ئامەدسپۆری پێشکەشی سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا کرد.
لە پەرلەمانی بەریتانیا رێوڕەسمێکی گەورە بۆ نوێنەرانی جیهانی کارساز و بازرگانی بەڕێوەچوو، کە لەلایەن ئیبراهیم دۆغوش، کارساز و سیاسەتمەداری کوردی بەریتانیاوە رێکخرابوو و سیر لیندسی هۆیل، سەرۆکی ئەنجوومەن (پەرلەمانی بەریتانیا) میوانداریی بەرنامەکەی کردبوو.
لەو رێوڕەسمەدا نوێنەری باڵای کۆمپانیا جیاوازەکانی سەرانسەری بەریتانیا، هەروەها زیاتر لە 50 پەرلەمانتار، وەزیر، پارت و لایەنە سیاسییەکان ئامادە بوون.
لە چوارچێوەی بەرنامەکەدا، ئیبراهیم دۆغوش درێسی یانەی ئامەدسپۆری پێشکەشی سیر لیندسی هۆیل، سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا کرد. هۆیل بە خۆشحاڵییەوە درێسەکەی وەرگرت و هیوای سەرکەوتنی بۆ ئامەدسپۆر خواست.
ئیبراهیم دۆغوش، هاوڕێیەکی نزیکی سیر لیندسی هۆیلە و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی بەریتانیا هەیە. دۆغوش ساڵانێکی زۆرە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگەی کورد، جیهانی کارساز و سیاسەتمەدارانی بەریتانیا تێدەکۆشێت.
ئەمە یەکەم جار نییە ئامەدسپۆر لە بەریتانیا دەنگدانەوەی دەبێت؛ پێشتر لۆرد مۆریس گلاسمەن، ئەندامی لۆردانی بەریتانیاش بە درێسی ئامەدسپۆرەوە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردبووەوە.
پێشکەشکردنی درێسی ئامەدسپۆر بە سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا، وەک نیشانەیەک بۆ زیادبوونی گرنگیپێدان و پشتگیریکردن لەو یانەیە لە بەریتانیا و جیهان دەبینرێت.




