رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق. نەورۆز لەسەر یاریگەی خۆی لە سلێمانی ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە یانەی موسڵی بردەوە،
لە نیوەی یەکەمدا یانەی نەورۆز کۆنتڕۆڵی یارییەکەی کرد و لە خولەکی 11 محمد رەزا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ نەورۆز تۆمارکرد، دواتر لە خولەکی 27 نێتۆ ئاکارا گۆڵی دووەمی بە لێدانێکی سەری نایاب تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا و لە خولەکی 80 مەروان حوسێن گۆڵی سێیەمی بۆ نەورۆز تۆمارکرد و یارییەکە بە ئەنجامی 3-0 کۆتاییهات.
بەم سەرکەوتنە نەورۆز کۆی خاڵەکانی گەیاندە هەشت خاڵ و لە پلەی هەشتەم دێت، موسڵ بەهەمان شێوەی نەورۆز هەشت خاڵی هەیە بەڵام لەبەر جیاوازی گۆڵ لە پلەی یازدەم دێت.




