رووداو دیجیتاڵ
لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا، دووپاتیدەکاتەوە شانازی بەدەستکەوتەکانی وەرزەکەیەوە دەکات، دەڵێ لەکەس ناپاڕێمەوە بۆ باڵۆندۆر دەنگم پێبدەن، بەڵام هەمووان دەزانن چیم کردووە لە وەرزەکەدا.
لامین بەیەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکانی بەدەستهێنانی باڵۆندۆری ئەمساڵ دادەنرێت، پاشئەوەی لەگەڵ بارسێلۆنا نازناوەکانی لالیگا و سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێنا، هاوینی ئەمساڵیش لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بووە پاڵەوانی جیهان.
لامین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا دەڵێ، "پێموانییە پێویستم بەوە هەیە بازاڕ بۆ خۆم بکەم. نا، من هەوڵنادەم رازیتان بکەم بەوەی شایستەی خەڵاتەکەم، چونکە هەر کەسە ئازادە لە بۆچوون و دەنگدانی خۆیدا. من شانازم بەساڵەکەم لەگەڵ یانەکەم و هەڵبژاردەی نیشتمانی. ئێمە بووینە پاڵەوانی جیهان و لالیگاشمان بردەوە، ناتوانم داوای زیاتر بکەم. پێموایە توانا و بەهرەیەکی ناوازە لە نێو یاریزانەکاندا هەیە، بڕیاری هەڵبژاردنەکەش لەدەست ئێوەی رۆژنامەنووسدایە، بەڵام من بۆ بەدەستهێنانی هیچ شتێک ناپاڕێمەوە".
ئەستێرە لاوەکەی بارسا کە بچووکترینە هەردوو نازناوی یۆرۆ و مۆندیالی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بردبێتەوە، دووپاتیدەکاتەوە، چاوی لەوەیە رۆژنامەنووسەکان دەنگی بدەنێ، بۆ ئەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر بباتەوە.
ئەو دەڵێ، "پێموایە خاڵی یەکەم لەوەی کێ خەڵاتەکە دەباتەوە، پەیوەست نییە بەمنەوە، بەڵکو پەیوەستە بەئێوەی رۆژنامەنووسەوە. ئەو کارەی لەگەڵ یانەکەم لە بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی نیشتمانی ئەنجامماندا، ناوازە بوو، من زۆر پێزانینم بۆ تیپەکەم و هەڵبژاردەی وڵاتەکەم هەیە. پێموایە هەلێکی باشم هەیە، چونکە ساڵێکی ناوازەم هەبوو، بەڵام دەبێ چاوەڕێ بین بزانین چی روودەدات".
بەر لە ئاشکراکردنی لیستی 30 بەربژێری باڵۆندۆری ئەمساڵ، عوسمان دێمبێلێ وەک هەڵگر و براوەی پێشووی خەڵاتەکە، ناوی بەربژێرەکانی خۆی بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە ئاشکراکردووە و ناوی لامینی تێدا نییە، پێدەچێت قسەکانی عوسمان، لامینیان تووڕەکردبێت، ئەو دەڵێ، "دێمبێلێ، هاوڕێی کیلیانە، وانییە؟ راشکاوانە بڵێم، بەلامەوە گرنگ نییە ناوی منی لە لیستی براوەکاندا داناوە یان نا. من خۆم دڵخۆشم بەوەی پێشکەشمکردووە. پێموایە هەر جارێک رووبەڕوویان بووبمەوە، ئەوان کەیفیان بەمن نەهاتووە، لەبەرئەوە ئاساییە ئەوە بکات".
یامال دواتر دووپاتیدەکاتەوە، "من لەگەڵ عوسماندا تەبام، تێدەگەم لەوەی کە ئەو ناچارە دەنگ بەیاریزانی دیکە بدات، بەڵام من خۆم دڵخۆشم بەوەی پێشکەشمکردووە، دڵنیام لەوەی هەمووان بینییان چیم کردووە، تەنانەت ئەگەر عوسمانیش نەیبینیبێت".
لە هەمان کۆنگرەی رۆژنامەنووسیدا، لامین یامال باسی ویستی یانەکەی بۆ بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ دەکات و دووپاتیدەکاتەوە هەمووان لە یانەکەی، بیر لەو خەڵاتە دەکەنەوە.
لامین دەڵێ، "هیچ پاڵنەرێک لە پاڵنەری نازناوی چامپیۆنزلیگ گەورەتر نییە، بڕوام بەوە هەیە کە هەموو تیپەکەمان هەمان پاڵنەری هەیە، لە بارسێلۆنا هەموو سەرنجمان لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگە، چونکە پاڵەوانێتییەکی ناوازەیە، دەکرێ ئەمساڵ نازناوەکە بۆ ئێمە بێت. یاریزانی و باشمان بۆ هاتوون، رۆدری، گۆردۆن، ئادێمی و گابریێل و ئەوانیدیکەش، جواو هەروەها، با بزانین ئەمساڵ ساڵە دڵخوازەکەی ئێمە دەبێت؟".
لامین یامال ئەمشەو لەگەڵ بارسێلۆنا، یەکەم یاریی خۆی لە وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدات و لەسەر یاریگای کامپ نو، رووبەڕووی یانەی فاینۆری هۆڵەندی دەبنەوە.




