رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ دەیەوێت ئەنجامەکانی باشتر بکات، کاتێک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی جۆلان یاریی دەکات.
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاژێر 18:00 لە یاریگای جۆلان بەڕێوەدەچێت، دوای چوار یاریی بەبێ بردنەوە یانەی زاخۆ بەدوای بەدەستهێنانی سێ خاڵدا دەگەڕێت و دەیەوێت قەرەبووی ئەنجامە خراپەکانی بکاتەوە.
ئەمە دووەم یاریی تەڵاڵ بلووشییە، دوێنێ یانەکە دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا و چاوی لەوەیە بە سێ خاڵەوە بگەڕێتەوە.
پێش یارییەکە، راهێنەری یانەی زاخۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "یارییەکەمان زەحمەت دەبێت، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک یاریزان یاریی ناکەن، بەڵام متمانەی تەواومان بە یاریزانەکانمان هەیە و هەموو توانایەکیان لەپێناو بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشدا دەخەنەگەڕ، پێویستە باشترین ئاست پێشکێش بکەین، چونکە جولان تیپێکی زەحمەتە".
لەلایەن خۆیەوە مستەفا مەعن، یاریزانی یانەی زاخۆ گوتی "لەگەڵ گەیشتنی تەڵاڵ بلووشی ئاستمان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، ئامانجی ئێمە ئەوەیە بردنەوەی یارییەکە بکەینە دیاری بۆ ئەو یاریزانانەی یاریی ناکەن، پێویستیمان بەبردنەوەیە و لەپێناو خاڵەکانی یارییەکەدا هەموو هەوڵێک دەدەین".
لە دوایین مەشقەکانی یانەی زاخۆ، عەلی جاسم بەشدارییکردووە، بەڵام بەتەواوی ئامادەنییە و یاریی ناکات، ئاکام هاشم، هێشتا لە پێکانەکەی چاک نەبووەتەوە و لەگەڵ یانەکە گەشتی نەکردووە، هەریەکە لە ئەمجەد عەتوان و ئۆرینیۆ سزادراون و ئەو دوو یاریزانەش بەشداری لە یارییەکەی ئەمڕۆدا ناکەن.




