رووداو دیجیتاڵ
زینەدین زیدان، راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی فەرەنسا، پێیوایە مەحاڵە ئاستی لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی ئەرجەنتینی لەبەرچاو نەگیرێت بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆر، ئەو دەڵێ، ئەگەر 100 جاری دیکە دەنگ بدەم بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە، هەر دەنگ بە مێسی دەدەم.
زیدان کە لەماوەی رابردوودا مەشقدانی هەڵبژاردەی فەرەنسای، لە شوێنی دیدێ دیشام وەرگرت، لە ریزەکانی هەڵبژاردەکەیدا، پێنج یاریزان ناویان لە لیستی کۆتایی بەربژێرانی باڵۆندۆردایە.
هەریەکە لە عوسمان دێمبێلێ، کیلیان ئێمباپێ، مایکڵ ئۆلیسێ، ویلیام سالیبا و دایۆت ئۆپامیکانۆی یاریزانانی هەڵبژاردەی فەرەنسا، ناویان لە لیستی بەربژێرانی باڵۆندۆری ئەمساڵدایە.
زیدان، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی دەڵێ، "پێموایە خەڵک لە بایەخی ئەوە تێناگەن چەندە ناوازەیە کە بەتەمەنی 39 ساڵی لە نێو باشترین یاریزانانی جیهاندابیت".
زیزۆ کە خۆی پێشتر وەک یاریزان، ساڵی 1998 لە دوای پێشەوایەتیکردنی هەڵبژاردەی فەرەنسا، بۆ بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی جامی جیهانی لە مێژووی خۆیدا، خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە، دووپاتیدەکاتەوە، مێسی تاوەکو ئێستا، ئاستی هێندە بەرز پێشاندەدات، کە توانای رکابەریکردنی لەسەر هەموو خەڵاتە تاکەکەسییەکان، دووپاتدەکاتەوە.
زیدان دەڵێ، "شۆک نابم ئەگەر مێسی خەڵاتەکەی ئەمساڵ بباتەوە". ئەو دەپرسێت: کام بەربژێری دیکە لە مێسی زیاتر کاریگەریی دروستکردووە؟
زیدان لە کۆتاییدا باسی لە یەکلاکردنەوەی پرسیارە وروژێنەرەکەی، کێ باشترینی مێژووە؟ کردووە و دەڵێ، ئەگەر تاوەکو ئێستا، کەسێک مابێت گومانی لەبارەی مشتومڕی باشترینی مێژووەوە هەبێت، راشکاوانە بڵێم، ئەو کەسە سەر بەکۆمەڵگای تۆپی پێ نییە.
لیۆنێل مێسی خاوەنی زۆرترین ژمارەی باڵۆندۆرە لە مێژوودا و هەشت جار ئەو خەڵاتەی بەدەستهێناوە، لە دوایین لیستی بەربژێرانی باڵۆندۆریشدا کە دوێنێ گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ ئاشکرایکرد، مێسی یەکێکە لەو 30 بەربژێرەی هەلی بردنەوەی خەڵاتەکەیان هەیە.



