رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، پێشوازی لەو هاندەرەی دەکات کە بەهۆی پۆشینی درێسی یانەی ئامەدسپۆرەوە لە ترابزۆن هێرشیکرایە سەر.
یانەی ئامەدسپۆر لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، یانەکە پێشوازیی لەو خێزانە کرد کە بەهۆی پۆشینی درێسی ئامەدسپۆرەوە لە ترابزۆن هێرشیان کرایە سەر.
یانەکە دەڵێت "خێزانەکە لەلایەن شەنگول ساروهانئوگلۆ، جێگری سەرۆکی یانەکە، سۆنگول بایرام ئالاک، جێگری سەرۆک و نیعمەت تاش، سکرتێری گشتیی یانەکەوە پێشوازییان لێکرا و جەخت لەوە کرایەوە کە تۆپی پێ و وەرزش نابێتە هۆکاری لێکدابڕان، بەڵکو بەهایەکە جیاوازییەکان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە و برایەتی، هاوکاری و پشتیوانی بەهێزتر دەکات."
بەپێی راگەیێنراوی ئامەدسپۆر، دوای ئەو دیدارە درێسی یانەکە بە دیاری درایە خێزانەکە و بۆ یاریی داهاتووی یانەکە بەرامبەر باشاکشەهیر بانگهێشتکران بۆ ئامادەبوون لەنێو یاریگادا.
ئامەدسپۆر دووپاتیدەکاتەوە، بڕوای وایە تۆپی پێ دەبێت خزمەت بە ئاشتی، برایەتی و کولتووری بەیەکەوە ژیان بکات و سەکۆی هاندەرەکانی وەکو ناونیشانی دۆستایەتی و هاوکاری بۆ هەمووان دەبینن.
دەمەت بیلگیچ، خانمە هاندەرێکی یانەی ئامەدسپۆرە، لە شەوی 29ـی مانگی رابردوو لە ترابزۆن دەچێتە دەرەوە و درێسی ئامەدسپۆری پۆشیووە، چەند کەسێک رووبەڕووی دەبنەوە و دەیانەوێت ناچاری بکەن درێسی ئامەدسپۆر دابکەنێت، بەڵام ئەو بە قسەیان ناکات و رووبەڕووی رەگەزپەرستی دەبێتەوە.
ڤیدیۆکانی ئەو خانمە دەنگدانەوەیەکی زۆر گەورەیان دروستکرد، دوای ئەوەی ئامەدسپۆر لە سوپەرلیگدا بەرامبەر ترابزۆن سپۆر یارییکرد و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و وەڵامی ئەو هێرشانەی بەبردنەوە دایەوە.



